کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەماهەنگ نەبوونی قسەی بەرپرسانی ڕێژیم

17:46 - 11 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: محەممەد جەواد زەریف لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی کاریگەری گەمارۆکانەوە ڕایگەیاند کە بارودۆخ زۆر خراپتر دەبێت.

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەر، لە وتووێژێکی تەلەفزیۆیندا لەگەڵ کەناڵی جیهانی بی بی سی بە ئاماژە دان بە کاریگەری گەمارۆکان لەسەر ئێران ڕایگەیاند، کە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە دۆخەکە زۆر دژوار دەبێت چونکە ڕۆڵی دۆلار لە نیزامی ماڵی نێونەتەوەییدا فراوان و گشتگیرە.

هەروەها لە بەشێکی تری وتوێژەکەیدا باسی لە بەڵێنەکانی یەکیەتی ئەورووپا کردبوو و ڕایگەیاندبوو کە ئەو بەڵێنانەی ئەورووپاییەکان بۆ ڕێگرتن لە کاریگەری خراپی گەمارۆکان لەسەر ئابووری ئێران باسیان کردبوو، لەوانەیە زۆر باشتر لەوە بێت کە چاوەڕوانیمان دەکرد.

ئەم قسانەی محەممەد جەواد زەریف لە کاتێکدایە کە پێشتر عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندبوو کە خراپی بارودۆخی ئێران هۆکارەکەی ناوخۆییە و بۆ بەڕێوبەرایەتی خراپی گەڕاندبووە و وتبووی: "هۆکاری دابەزینی نرخی ڕیاڵ پێوەندی بە دەرەوە نییە، هۆکارەکەی نێوخۆییە".

هەروەها لە بارەی ڕێککەوتن لەگەڵ یەکیەتی ئەورووپا خامنەیی ڕایگەیاندبوو، کە بە هیچ شێوەیەک باوەڕ بە ئەوروپاییەکان نەکەن.

لە دوای دەستپێکردنی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا بۆسەر ئێران، دۆخی ئابووری ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو خراپی دەڕوات و دۆخی ژیان بۆ خەڵک دژواردەبێت، بە شێوەیەک که خەڵک توانای دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان نییە و بەردەوام بەرپرسانی باڵای ڕێژیمیش دروشمی ئەوە دەدەنەوە کە گەمارۆکان کاریگەری لەسەر ئابووری ئێران نییە و هەندێک جاریش تووشی لێدوانی ناهەماهەنگ دەبنەوە.