کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەمووهەوڵەکانی داگیرکەر بۆ دابڕانی کرماشان لە خەباتی میللی دێمۆکراتیکی نەتەوەکەمانە

18:01 - 23 جۆزەردان 2721

زاگرۆس

ئاکامی ڕاپرسیەکان بۆ بەشداری خەڵک لە شانزەیەمین خولی سەرکۆماریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران باس لەوە دەکەن کە لە خۆشبینانەترین دۆخدا سەد لە سەد یان ٣٣ لەسەدی خەڵک لەم بەناو هەڵبژاردنەدا بەشداری بکەن و سازکردنی ڕکەبەریی درۆزنانە و مۆنازرەی درۆینە و بەخشینی ئازادیی کاتی بە ژنان لەنێو ستادی بانگەشەی پاڵێوراوانەوە ئەو فێڵ و تەڵەکانەن کە ئیتر باویان نەماوە و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ناتوانن بەم هۆیەوە تەنوری ساردی هەڵبژاردن گەرم بکەنەوە و لە کوردستانی خۆرهەڵات پشت‌کردنی خەڵک لە شانۆی هەڵبژاردن و بڕیاری خەڵک بۆ بەشداری نەکردن لەم شانۆیەدا زۆر ئاشکراتر بە ڕوخساری خەڵک و سیمای شار و گوندەکانەوە بەدی دەکرێت.

یەکێک لەو ئامرازانەی کە کۆماری ئیسلامی کەڵکی لێ وەرگرتووە بۆ بردنەسەرەوەی ڕێژەی بەشداربوونی خەڵک لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا وێکخستنی ئەم هەڵبژاردنەیە لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی شۆرای شار و گوندەکان و بە بەربژێرکردنی بە نێوەنجیی یەک کەس لە هەڤبەر ٢ هەزار کەسدا لە شارەکان و لە گوندەکانیش ئەم ڕێژە زۆر کەمترە و بەم کارەش هەوڵی ئەوەی دا بە خوڵقاندنی کەشی خزمایەتی و هەڵخراندنی کێشەی نێوان خەڵک و جیاوازییە نەتەوەیی، ئایینی- ئاینزایی و زاراوەیی؛ خەڵک ڕاکێشی سەر سندوقەکانی دەنگدان بکات.

ئەگەر بە کورتی چاوێک لە سەر هەڵبژاردنی شۆڕای شار و گوندەکاندا بکەین کە بۆ یەکەم جار لە سەردەمی ڕێفۆرمخوازەکانەوە هێنرایە کایەوە و بڕیار وابوو کە تا ڕادەیەک دەسەڵات لە وڵاتی ئێراندا دابەش بکات بۆمان دەردەکەوێ لە ئەزموونی زیاتر لە بیست ساڵیدا جگە لە گەندەڵی و فەسادی زیاتری سیستماتیک لە شار و گونددا هیچ ئەنجامێکیان بۆ خەڵک بە دیاری نەهێناوە.

کاتێک زیاتر ڕووی ڕاستەقینەی گەندەڵیی ئەم بەشەی کۆماری ئیسلامیمان بۆ دەردەکەوێ کە چاوێک بە شارەدارییەکاندا بخشێنین، دەبین کەم کەس هەیە ئەندامی شۆراکان بێت و خاوەن پەروەندەی گەندەڵی نەبێت و ڕیسواییەکانی بەشی شۆرای شارەکان ناوەناوە و بەهۆی ڕکەبەریی باندەکانی نێو دەسەڵات هەندێ کات بە ڕاگەیەندنیش کراون و بەرهەمی ئەم شۆرایانە هیچ نەبووه جگە لە خزم خزمێنەیەکی زۆر لە شارەداریەکان و دامەزراندنی چەن کەس لە کەسانی نزیک بە شۆراکان لە شارەدارییەکان هەر بۆیە ئێستا بەشێکی زۆری کارمەندانی شارەداری لە ناشارەزاترین و گەندەڵترین کەسەکانن و شارەدارییەکان لە ناکارامەترین ڕێکخرارەوەکانی نێو سیستمی گەندەڵی کۆماری ئیسلامین و شارەداری لە ئێراندا بەدی ناکرێت کە پارەیەکی زۆر قەرزاری کرێکارانی یان کۆمپانیا و بانکەکان ئەو کەسانەی کاریان بۆ کردووە نەبێت و لە ڕاستیدا قەرزدارتین دامەزراوەی ناو سیستمی کۆماری ئیسلامیشن.

هەر لەم ماوەدا و ئەوەتەی هەڵبژاردنی شۆراکان هاتوونەتە ئاراواە ڕێژەی پەراوێزنشینانی شارەکانی بەنیسبەت هەموو ئێران زیاتر لە پێنج بەرابەر هەڵکشاوە  کە بە ئاشکرا ناکارامەیی شارەدارییەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی زەوییەکانی شار پیشان دەدات و هاوکات سەرنەکەوتوویی هەر دوو شۆرای شار و گوندەکان دەردەخات.

ئەگەر ڕۆژگارێک بڕیار بوو شۆرای شارەکان شارەوانییەکان بکەنە ناوەندی چاکسازیی شار و  شۆراکانی گوندیش دێهاتەکان ڕێک بخەن و ببنە هۆی گەشری گوندەکان هەنووکە دەبین کە ڕۆژ بە ڕۆژ حەشیمەتی گوندەکان ڕوو لە کزی و چۆڵبوون دەدات؛ بەهۆی کەمیی ئیمکانات و سیاسەتی هەڵەی کۆماری  ئیسلامی لە هەڤبەر گوندنشینان و گەندەڵیی شۆڕاکان و لە لایەکی دیکەوە ئەم حەشیمەتە کۆچ کردووە دەبنە پەراوێزنشینی شارەکان کە ئەمەش لە بارێکەوە هەم شکستی سەرکۆمارەکەنی ئێران و بەرنامە و پلانی ڕێژیمی ئێرانە لە شێوازی گشتیدا و هەروەها بێ‌دەسکەوتبوون و گەندەڵیی زیاتری شارەدارییەکان و هەر دوو شۆرای شار و گوندەکانیش.

کە وابوو بە سەرنجدان بە ئاکامی کار و چالاکییەکانی شۆرای شار و گوندەکان لە ماوەی ڕابردوودا لای هەمووان ڕوونە کە فەسادی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی چارەسەر ناکرێت و شۆرای شار و گوندەکانیش هیچ ناکەن جگە لە گەندەڵی زیاتر و بە گەندەڵ بوونیان لەنێو ئەم سیستمە گەندەڵەدا.

کە وایە هیچ لۆژیکێک بۆ بەشداری یان هیوا بۆ چاکسازیەک بەدەی ناکرێت تا خەڵک لەم هەڵبژاردنەدا بەشداری بکەن. ئەوەی دەمێنێتەوە دروستکردنی کێشە و دوو بەرەکییە کە ببێتە هۆی بەشداریی خەڵک و تا ڕادەیەک دەربازکردنی کۆماری ئیسلامی لەو قەیرانه ڕەواییەیه که تێیکەتووە ئەویش بە قازانجی مانەوەی خۆی و بە زیانی خەڵکی وەزاڵە هاتوویه.

هەر چەند ناتوانین ڕاپرسیەکی سەربەخۆ بەهۆی دۆخی دیکتاتۆریی وڵاتدا بەڕێوە بەرین بەڵام وەک دەردەکەوێ ئەم ڕێژەیە لە پارێزگا کوردستانییەکان کەمتر لەسەدا بیستیش بێت و کەشی سارد و بە گرینگ وەرنەگرتنی لەلایەن خەڵکەوە بە ڕوونی دیارە و ڕێژیم لە کوردستانی خۆرهەڵات هیوای بە نانەوەی دووبەرەکی و هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکانە؛ دەنا خۆی باش ئەو ڕاستیە دەزانێت کە مەگەر کاسەلیسەکانی دەنا کەس لە کوردستاندا لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا بەشداری ناکات و دەیهەوێ بە نانەوەی دوو بەرەکی و بە هەڵخڕاندنی هەستی خزمەیاتی خەڵک پەلکێشی سەر سندوقەکان بکات و بە تەمایە لەم ڕێگەوە ژمارەیەکی هەر چەند کەمیش بێت بەشداری شانۆی هەڵبژاردن بکات.

کرماشان لەو شارانەیە کە ساردیەکی یەک جار زۆر بە ڕوخساریەوە لەمەڕ هەڵبژاردنەکان دیارە و خەڵکەکەی هیچ گرینگییەک بە هەڵبژاردنی سەرکۆماری نادەن وێدەچێت ئاستی بەشداری لەم شارە لە خوارەوەی سەدا پانزەش بێت لە شانۆی هەڵبژاردنی سەرکۆماریدا؛ بەڵام ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەوڵی بۆ دەدات و تا ئێستاش وەک تەنیا کارتی سەرکەوتنی خۆی لەم دەڤەرەدا پشتی پێ بەستووە کەڵکوەرگرتن لە جیاوازیە زاراوەیی، ئایین و ئایزنزاییە کە دەیهەوێت بە گەورەکردنەوەی ئەم جیاوازیانە خەڵکی هەر لایەنێک لە داخی لە یەکتری بۆ شۆڕاکانی شار و گوند ڕاکێشی سەر سنوقەکان بکات و هەر بەم هۆیەشەوە ڕێژەی بەشداری لە  شانۆی هەڵبژاردن بەرێتە سەروە.

ڕووداوەکانی ئەم دووایەی کرماشان و دەروپشتی جارێکی دیکە دەستی کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوانی لە نانەوەی دووبەرەکی و ئاڵۆزی و لەهەمان کاتدا چاندنی تۆی ڕق و نەفرەت لەنێو خەڵکی ئەم ناوچەیەی سەلماندەوە و ئەو ڕاستیەی بۆ هەزارمین جار دەرخستەوە کە خولیا و پلانی دابڕانی خەڵکی پارێزگای کرماشان لە یەکتری و جیاکردنەوەی کرماشان لە باکووری خۆرهەڵاتی کوردستان بە گشتی، خەونی سەرەکی دەسەڵاتدارانی هەر دوو داگیرکەری پاڵەوی و  کۆماری ئیسلامییە.

هەر بۆیە بە پاڵاوتنی کەسانی جیاواز لە ئایین، ئاینزا و زاراوەی جیاوازی کوردی بۆ شۆرای شاری کرماشان مەبەستیەتی ڕکەبەرێکی درۆزنانە لەم شارەدا ساز کات و ببێتە هۆی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردندا. ئەزموونی شۆراکان لە شاری کرماشان یەکێک لە خراپترین ئەزموونەکانە و بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستیە دەیان کەیسی گەندەڵیی ئەندامانی شۆرای ئەم شارە و ڕێژەی زۆری حەشێمەتی پەراویزنشینە لە کرماشاندا کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە هەر سێ کەسی دانیشتیووی شاری کرماشان کەسێکیان دانیشتووی گەڕەکە پەراوێزنشینەکانە کە خاوەن کەمترین پێداویستی ژیانن و زۆربەی حەشیمەتی پەراوێزنشینینش لە شار و گوندەکانی دەوروپشتی کرماشانەوە بۆ ئەم شارە کۆچیان کردووە کە خۆی بە ڕوونی ناسەرکەوتوویی ئەزموونی شۆرای شار و گوندەکان پیشان دەدات.

کۆماری ئیسلامی پاش ڕاسان ترسی لە خەباتی شار و بە تایبەت لە گەورەترین شاری کوردستانی خۆرهەڵات بە دەیان بەرابەر لە جاران زیاترە و هەر بۆیە زیاترین هەوڵ دەدات بەر بە سەرکەوتنی خەباتی شار لە ٢٨ی جۆزەردان یانی بەشداری‌نەکردن خەڵک لە هەڵبژاردن لە تەواوی شار و گوندەکان و بە تایبەت کرماشاندا بگرێت و ئەگەریش سەرکەوتوو بێت دوو ئامانجی خۆی دەپێکێت:

یەک: وا پیشان دەدات کە خەڵکی کرماشان وەک مەزنترین شار جیاواز و دابڕاون لە حیزبە ڕەسەنەکانی ڕۆژهەڵات کە بە یەک دەنگ بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە.

دوو: لە لایەکی دیکەوە وا پیشان دەدات خەبات بۆ ڕزگاری و پساندنی زنجیرەکانی کۆلۆنالیزمبوونی نییە و ئەگەرهەش بێت لە بەشێکی چکۆلەی کوردستان و زاگڕۆسە و لە مەزنە شارەکەی کوردستان ئەم داخوازیە بەدی ناکرێت و هەر بۆیە دەستی بۆ سەرکوت ئاوەڵاتر دەبێت و لە لایەکی دیکەشەوە تۆی بی هیوای لە ناو خەڵکدا زیاتر دەچێنێت و کۆمەڵگای کوردی بە دابڕاو خاوەن ویستی جیاواز پیشان ئەدات.

لە کۆتاییدا دەبێ ئاماژە بەو کەتواره بکەین کە کۆماری ئیسلامی ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدا لە هەڵوێستە سیاسییەکاندا خەڵکی کرماشان و باشووری خۆرهەڵات لە بەشەکانی دیکەی نیشتمان جیا کاتەوە؛ چونکه لە باری یەک‌هەڵوێستی و هاودڵیی خەڵک بۆ بومەلەرزەی کرماشان و لافاوی لۆڕستان ئەم یەکیەتییە نەتەوەییە لانیکەم لە کاتی کێشەکاندا بە دۆست و دوژمن سەلمێندرا و داگیرکەر لەم یەکیەتییە نەتەوەیە زراوی تۆقیوە و ئەو پەڕێ هەوڵی خۆی دەدات نەهێڵێت کورد لە باری هەڵوێستی سیاسییەوە یەکدەنگ بێ.

 ئەگەر کۆماری ئیسلامی سەر بکەوێ لە کرماشان ئەوە دیسان و دابڕانێکی مەزن لە نێوان سەر و خوارەوەی کوردستان بونیاد دەنێت هەر بۆیە ئەرکی هەمووانە و بە تایبەت لاوان و ڕوووناکبیران و ژنانی  کورد لەم بەشەی وڵاتەکەمان بە بایکۆتێکی یەک دەنگ و چالاکانە بەر بە هەموو ئاژاوەنانەوەیەکی داگیرکەر بگرن و ڕێگەی دەربازبوونی خەبات بۆ خوارەوەی زاگڕۆس لە هەمیشە ئاوەڵاتر بکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.