کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٥هەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

13:01 - 3 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پازدەهەمین کۆبوونەوەی خۆی لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەڕێوە برد.

ڕۆژی دووشەممە، ٢ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بارەگای ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ١٥هەمین کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوەیەدا ناوەندی هاوکاری باس و گفتگۆی تێروتەسەلیان لەسەر کار و چالاکییەکانی ناوەند کرد و ڕووداوە دڵتەزێنەکانی ماوەی ڕابردووی ئێران بە وردی شرۆڤە کرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا "ساڵح شەریفی"، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵە، کە بەرپرسایەتیی دەورەی ڕابردووی ناوەندی هاوکاریی لەئەستۆ بوو، وێڕای بەخێرهاتنی هەیئەتەکان، دەستووری کاری کۆبوونەوەکەی خستە بەر باس و پاشان ڕاپۆرتێکی گشتیی لەسەر کار و چالاکییەکانی دەورەی ڕابردووی ناوەندی هاوکاریی پێشکەش بە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە کرد.

دەستووری کاری تری کۆبوونەوەکە باس و لێکدانەوەیەک لەسەر بارودۆخی ئەم دواییانەی ئێران و کوردستان بوو.

سەرکوتی بێبەزەییانە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و قەبووڵ نەکردنی دەنگی جیاواز، بەشێکی جیانەکراوەیە لە مێژووی نگریسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ئەم ڕووداوانەی مانگی ڕابردووش، بۆ جارێکی تر  ئەم ئیدعایەی سەلماندەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی چەند جارەی ئەم هەڵسوکەوتە دڕندانەیەی کۆماری ئیسلامی، داوا لە هەموو کۆڕ و کۆمەڵە جیهانی و نێونەتەوەییەکان دەکات کە لە ئاست ئەم کردارە دژە مرۆییانەی ڕێژیمی ئیسلامی بێدەنگ نەبێت و هەوڵ بدات کە لانیکەم چارەنووسی بێسەروشوێن کراوان و زیندانییانی ئە ڕووداوانە ڕوون بکرێتەوە.

هەر لەم کۆبوونەوەیەدا بڕیاری هەندێک کردەوەی کردەیی درا کە دواتر دەقەکەی لە ڕاگەیەندراوێکی جیاوازدا پێشکەش بە جەماوەری خەڵکی کوردستان دەکرێت.

بڕگەیەکی تری کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بەناو هەڵبژاردنەکانی پارلمانی ئێران و هەر چوار لایەن هەڵویستی خۆیان لەسەر ئەو بابەتە دەڕبڕی و هاودەنگییەکی تەواو لەسەر چۆنیەتیی هەڵسوکەوتی ناوەند لەسەر ئەم بابەتە پێک هات، لە ڕۆژانی داهاتوودا دەقی هەڵویستی ناوەند لەم بارەشەوە پێشکەش بە ڕای گشتی دەکرێت.

لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باسێک لەسەر چۆنییەتیی پەیوەندیی زیاتری ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لەگەڵ کوردانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات کرا و هاوکات بڕیار درا کە پێشنیارەکان تاوتوێ بکرێت و هەنگاوی بەپەلە و کردەییان بۆ هەڵبگیرێت.

لە کۆتاییشدا بەپێی پەیرەوی نێوخۆیی ناوەند، بەرپرسایەتیی دەورەیی ناوەند کە لە ئەستۆی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوو، ناوەند وێڕای دەسخۆشی و ماندوونەبوون لەو هاوڕێیانە بەرپرسایەتیی دەورەیی بە  حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەسپێردرا و کۆبوونەوەکە بە سەرکەوتووانە و لە کەشێکی دۆستانەدا کۆتایی پێ هات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی