کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٦هەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو

16:10 - 18 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرستیی بەرپرسی دەورەیی ناوەند، ''حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران''، ١٦هـەمین کۆبوونەوەی خۆی بەڕێوە برد.

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، شازدەهەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەرپرسی دەورەیی ناوەند (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەکە بە بەشداریی لایەنەکانی ئەندامی ناوەند دەستی بە کار کرد و پاشان دەستووری کاری جەلەسەکە لەلایەن "محەممەد نەزیف قادری"، بەرپرسی دەزگای گشتیی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها بەرپرسی دەورەیی ناوەند، خرایە بەر باس و هەر یەک لە بەشداربووان تێبینی‌ و بۆچوونی خۆیان لەسەر خاڵەکانی دەستووری جەلەسەکە بە وردی خستە ڕوو .

بەشێکی دیکەی کاری جەلەسەکە پەیوەندیی بە دۆخی ئێستای ناوچەکە و هەروەها بارودۆخی ئێستای ئێران و هەروەها جەخت کردنەوە لەسەر بایکۆتی "فەعالی" هەڵبژاردنەکانی پارلمانی ئێران بوو و لەو پەیوەندییەدا بڕیاری پێویست دران.

بەهۆی نزیکبوونەوە لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندان، ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، ئەندامانی ناوەندی هاوکاری لەسەر پێکهێنانی سێمینارێکی بەرین بە بەشداریی هەموو لایەنەکان و هەروەها ڕاگەیەندنەکان، هاوڕا بوون.

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا چەندین تەوەری دیکەی پەیوەندیدار بە کاروباری ناوەند تاوتوێ کرا و لەو پەیوەندییەدا بڕیاری پێویستیان لەسەر درا.

کۆبوونەوەکە دوای چەند کاتژمێر کاری چڕوپڕ کۆتایی پێهات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی

٨ی ژانویەی ٢٠٢٠ی زایینی