کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردە و هاوردەکردنی ماددە کانزاییەکان لەگەڵ قەیران ڕووبەڕوویە

11:47 - 19 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: پیشەی هەناردە و هاوردەکردنی ماددە کانزاییەکان، تەنانەت لە پێش گەمارۆکانیشەوە دۆخەکەی قەیراناوی بووە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٧ی پووشپەڕ، "کامەران وەکیل" بەرپرسی ڕێکخراوی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی ماددە کانزاییەکانی ڕێژیمی ئێران، لەبارەی دۆخی پیشەی ماددە کانزاییەکانەوە ڕایگەیاند: "زۆرێک لە شیرکەتە کانزاییەکان، کارەکانی خۆیان هەتا جێگیربوونی دۆخی سیاسی و ئابووریی وڵات ڕاگرتووە و هەندێکی تریشیان بەرهەمهێنانی خۆیان کەمکردووەتەوە".

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، باسی چوونەسەری تێچووی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی ماددە کانزاییەکانی کردووە و لەبارەی هەناردەکردنی ماددە کانزاییەکانەوە وتوویەتی کە کەشتییەکانی گواستنەوەی ماددە کانزاییەکان بیمە نییە و دەبێ گواستنەوەکانیان بە شێوەی نهێنی ئەنجام بدەن، بۆیە کرێیەکانی خۆیان گرانتر کردووە.

لە ئێستادا، بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکاوە، کە هەرچەشنە بازرگانییەکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا قەدەغە ڕاگەیاندووە، هەندێک لە شیرکەتەکانی ئەم پیشەیە دەیانەوێت، لە وڵاتی عوماندا، ئەمبار بە کرێ بگرن و بە ناوی وڵاتی دیکەوە بەرهەمەکانیان بفرۆشن.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردبوو کە کێشەی پیشەی ماددە کانزاییەکان، تەنیا بۆ دەستپێکردنی گەمارۆکانی ئامریکا ناگەڕێتەوە، بەڵکوو مێژووییەکی کۆنتری هەیە، بۆ نموونە زۆرێک لە شیرکەتەکان کە سەرەتا وەک شیرکەتی دەوڵەتی بونیاد نراون، دواتر کراونەتە تایبەتی، کە هەر لە لایەن حکوومەتیشەوە پشتیوانییان کراوە و داهاتەکەی بۆ حکوومەت بووە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە شیرکەتە بچووکەکان لە بازاڕی کاردا تووشی زیان ببنەوە و وەدەربنرێن.