کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردە کرانی نەوتی ئێران تا ئاستێکی بەرچاو دابەزیوە

12:20 - 9 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ئەگەرچی دوو مانگی دیکە گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر نەوتی ئێران دەست پێ دەکات، بەڵام هەر لە ئێستەوە فرۆشی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان دابەزینێکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران، کە لە مانگی ئاڤریلی ٢٠١٧ـەوە دەستی پێ کردووە، بە زوویی لە مانگی ئووت بۆ  کەمتر لە ٧٠ میلیۆن بەرمیل دەگات.

هاوکات لەگەڵ دابەزینی ڕێژەی نەوتی هەناردەکراوی ئێران، هەواڵەکان ئاماژە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دەکەن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، نرخی هەر بەرمیل نەوتی بێرنت گەیشتە ٧٧.٥٤ دۆلار، کە بەرزترین نرخی نەوت لە ماوەی یەک مانگ و نیوی ڕابردوودا بووە.

شرۆڤەکارانی بازاڕی نەوت، هۆکاری گرانبوونی نەوت بۆ نیگەرانییەکانی بازاڕی جیهانی لەمەڕ گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەزانن و باس لەوە دەکەن، کە لەگەڵ نزیکبوونەوە بە وادەی دیاریکراوی ئامریکا بۆ بە کردەییکردنی گەمارۆ لەسەر نەوتی ئێران، نیگەرانی و ئاڵۆزییەکان لە بازاڕی نەوتدا زۆرتر دەبن.

جیم ڕیتربووش، بەرپرسی کۆمپانیای "ڕیتربوش ئاند ئاسۆشیتس" لە نامەیەکدا باسی لەوە کردووە: "بواری هەناردەکردنی نەوتی ئێران زۆر خێراتر لەوەی کە چاوەڕوان دەکرا دابەزیوە"، ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئامریکا ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، گەمارۆ لەسەر کەرتی نەوت و گازی ئێران بە کردەیی دەکات