کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی بنێشتی وەن بۆ ٥ وشکارۆی جیهان ڕاگیرا

14:09 - 25 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: هەناردەکردنی بەرهەمەکانی کارخانەی بنێشتی وەن لە شاری سنه، کە یەکێک لە یەکە بەرهەمهێنەرەکانی نموونەیە، نەک تەنیا لە ئێران، لە جیهانیشدا ناسراوە، لە سەراولێژی داڕماندایە و بەرپرسانی ئەم پارێزگایەش لە جیاتی پشتیوانی لە بەرپرسانی کارخانەکە، تەنیا بەداخبوونی خۆیان دەردەبڕن.

محەممەدنەجیب شەریفی، بەرپرسی ئەم کارخانەیە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنا، لە پێوەندی لەگەڵ کێشەکانی ئەم یەکەی بەرهەمهێنانەدا باسی لە کێشەی دەزگاکانی ئەم کۆمپانیایە کردووە؛ بەپێی وتەی ناوبراو پاش دەسپێکردنی بەرجام دەزگای تازەیان لە ولاتی ئاڵمان کڕیوە و ئێستا پاش ٣ مانگ لە هاتنی دەزگاکان، ئەم کۆمپانیا ئاڵمانییە به هۆی وەگەڕخرانەوەی خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا ناتوانێ بێت و ئەم دەزگایە دامەزرێنێ.

ناوبراو باسی لە باجگیری ڕێژیم به هۆی هەناردەکردنی بەرهەمی ئەم کارخانەیە کردووە و وتوویەتی: دەوڵەت لە جیاتی ئەوەی کە پشتیوانی لە هەناردەکردن بکات، خەریکە ئێمە لە نێو دەبات.

شەریفی به ڕەخنەگرتن له ڕێژیم وتوویەتی: بەداخەوە سیاسەتەکانی ئێستای ڕێژیم لە بواری ئابوورییەوە بەڕاستی هەڵەن و هەموو هەناردەکارانی تووشی داڕمانی گەورە کردووە.

بەرپرسی ئەم کارخانەیە رایگەیاندووە، که هێشتا بەرهەمهێنانی ئێمە دانەخراوە، بەڵام پاش چەند دەیە تێکۆشان، ئەزموون وەرگرتن و گەشە لە بواری هەناردەکردندا، هەموو بازاڕەکانی فرۆش و هەناردەکردنی کە ساڵانێک هەوڵمان بۆ داوە، لە دەستمان داوه؛ نزیک  به ١٠٨ کرێکارمان هەیە و لە دانی مووچەکانیاندا تووشی کێشە بووینە و ئەگەر کێشە لە کاری ئەم کارخانەیەدا بێتە پێشەوە، هەموو کرێکارەکان بێکار دەبن.

ناوبراو ئاماژەی به گەمارۆوەکانی ئامریکا کردووە و وتوویەتی: بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا لە خولی یەکەمدا، بازاڕی ئورووپامان لە دەست دا و ئێستاکەش بازاڕی وڵاتانی ئورووپایی، کانادا، ئامریکا، ژاپۆن و ئوستۆرالیامان لە دەست داوە.

شەریفی، سەبارەت بە کاردانەوەی بەرپرسانی ڕێژیم سەبارەت به کیشەکانی ئەم یەکەیە وتوویەتی: تا ئێستا هیچ ئاکامێکمان وەرنەگرتووە و بەرپرسانی ڕێژیم پاش سەردان تەنیا بەداخبوونی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام بەداخبوونی ئەوان دەردی ئێمە چارەسەر ناکات.

ئەم یەکە بەرهەمهێنەرە، وەکوو یەکەم و تەنیا کارخانەی سازکردنی بنێشت به ناو و برەندی "وەنـ"ـەوە لە ساڵی ٦٩ دەستی بە کار کردووە و لە ماوەی چالاکیی خۆیدا، شانازیی زۆریشی بە دەست هێناوە که دەکرێ ئاماژه به خەڵاتی باشترین کوالێتی سەدە XXI مێکزیکۆسیتی لە ساڵی ٢٠٠٢، هەناردەکردنی بۆ ٥ وشکاڕۆی جیهان، بەشداریی لە سەدان پیشانگای نێونەتەوەیی و دەرەوەی ئێران و تەنیا بەشداربووی ئێرانیی لە پیشانگای بەرهەمە سروشتییەکانی ئولەمپیای لەندەن لە ساڵی ٢٠٠٥ـە و دەکرێت ئاماژە بە چەندین شانازیی دیکە بکرێت، که ئەمڕۆش بەناوبانگترین کارخانەی دەرمانه گیایییەکانی جیهان به برەندی "وەنـ"ـەوە دەیناسن.