کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی غەیرە نەوتیی ئێران لە ماوەی ٩مانگی ئەمساڵدا ٢٠ لەسەد دابەزیوە

12:20 - 4 بەفرانبار 2720

''مەهدی میرئەشرەفی'' بەرپرسی گشتیی گومرکی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە لە ماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا ٢٥.١ میلیارد دۆلار هەناردەکردنی غەیرە نەوتیمان هەبووە کە بەنیسبەت ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو ٢٠ لەسەد دابەزیوە.

ناوبراو وتوویەتی ڕێژەی هاوردەکردنیش بە دابەزینی ١٧ لەسەدی گەیشتووەتە ٢٦.٨ میلیارد دۆلار.

گومرکی ئێران لە دوو ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردنەوەی ئاماری مانگانەی ڕاگرتبوو و ئەو ئامارانەی کە بەرپرسانی گومرکی ڕێژیمی ئێران بڵاوی دەکەنەوە لەگەڵ ئاماری شەریکە بازرگانییەکانی ئێران جیاوازیی بەرچاوی هەیە.

''میرئەشرەفی'' لە نموونەیەکدا باس لەوە دەکات کە هەناردەکردنی غەیرە نەوتیی ئێران بۆ چین لە ماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا نزیکەی ٦.٤ میلیارد دۆلار و ڕێژەی هاوردەکردنی لەو وڵاتەوە حەوت میلیارد دۆلار بووە.

بەڵام گومرکی چین کە ڕێکەوتی ٣ی بەفرانبار ڕاپۆرتی مانگانەی خۆی بڵاو کردەوە و نیشانی دا هەناردەکردنی غەیرە نەوتی ئێران بۆ چین نیوەی هاوردەکردنەکەی لەو وڵاتەوەیە.

بەهۆی گەمارۆکانی ئامریکا زۆرێک لە وڵاتان ئاستی بازرگانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران کەم کردووەتەوە و هەروەها جیا لە گەمارۆکان بەڕێوەبەریی سەقەت و پەرەگرتنی گەندەڵیی ماڵیی کەرتی بەرهەمهێنانی ئیرانی خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە.