کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی کاڵاکانی ئێرانی دابەزیوە

12:24 - 15 جۆزەردان 2720

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئابووریی ئێران تووشی قەیران و داڕمان بووە و نرخی هەناردەکردنی زۆربەی زۆری کاڵاکان بە شێوەی بەرچاو دابەزیوە و زۆربەی خواردەمەنی و کاڵاکانیش گران بوونە.

کۆی گشتیی هەناردەکردنی فەرشی ئێران لە ساڵی ٩٨دا ٧٠ ملیۆن دۆلار بووە کە ئەمە بووەتە هۆی داخستنی زۆربەی کارگەکانی چنینی فەرش لەو وڵاتەدا.

ئەوە لەحاڵێکدایە کە هەناردەکردنی فەرشی ئێران لە ماوەی ساڵەکانی ڕابردوو و لە خراپترین دۆخی خۆیدا لەکاتی گەمارۆکاندا ٥٠٠ میلیۆن دۆلار بووە کە ئەمە نیشان دەدات لەو ڕێژەیەی هەناردەکردن تەنیا ١٤ لەسەدی ماوە.

"عەبدوڵا بەهرامی"، بەڕێوبەری یەکیەتیی سەرتاسەریی تەعاوەنییەکانی فەرشی دەستچن وتوویەتی: "دەوڵەت نەتەنیا وامی کەم‌بەهرەی بە فەرشچنەکان نەداوە، بەڵکوو بانکی ناوەندی، هەناردەکردنی فەرشی بەناوی پێبەندی بە گرێبەستی ئەرزییەوە تەحریم کردووە".

لەو بارودۆخەدا هەناردەکار ئەرکدارە کە دراوی بەدەست‌هاتوو لە فرۆشتن لە دەرەوەی وڵات بگەڕێنێتەوە بۆ دراوی "نیمایی" بۆ تۆڕی بانکی.

ئەو کارە بۆ هەناردەکار جێبەجێ نابێت چونکە ٦٠ تا ٧٠ لەسەدی فەرشی ئێرانی بە شێوەی ئەمانەتی لە لای فرۆشیاران دەمێنێتەوە و ئەوان بەشێک لە پارەی فەرشەکە دەدەن و لەمەو بەدوا پارەکە پاش فرۆشتن دەدەنەوە.

بە هۆی ئەم ڕێکارەی فرۆشتن زۆربەی کارگەکانی بەرهەمهێنان و فرۆشگاکانی کەرەستە سەرەتاییەکانی ئەو پیشەیە داخراون و پشتیوانییەکیان لێ ناکرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە نرخی برنجی دەرەکی لە بازاڕدا ٨٠ لەسەد هەڵکشاوە و گەیشتووەتە زیاتر لە ١٢ هەزار لە هەر یەک کیلۆدا.

"قاسمعەلی حەسەنی"، بەڕێوبەری گشتیی یەکیەتیی عومدەفرۆشییەکانی مادە خۆراکییەکان وتوویەتی: "لە ئێستادا نرخی هەر کیلۆ برنجی دەرەکی بە ٨٠ لەسەد هەڵکشانەوە لە ٧ هەزار و ٢٠٠ تمەنەوە گەیشتووەتە ١٢ هەزار و ٨٠٠ تمەن".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە کەمبوونی برنجی دەرەکی و لابردنی دراوی ٤٢٠٠ تمەنی لە هاوەردەکردندا، هۆکاری سەرەکیی هەڵکشانی نرخی برنجی دەرەکییە.

گەمارۆ ئابوورییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر ڕێژیمی ئێران و گەندەڵیی ماڵیی نێو بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران و هەروەها لەم دواییانەشدا قەیرانی کۆرۆنا دۆخی ئابووریی ئێرانی شپرزە کردووە و کونترۆڵی ئەو دۆخە لە دەستی ڕێژیم چووەتە دەرەوە.