کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی قەند ڕاگیرا

11:59 - 8 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا، بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و دروستبوونی کێشەی بانکی، چەند کۆمپانیای خواردەمەنی گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ ئێران ڕاگرت.

علی‌ئەکبەر شادمانی، بەرپرسی گشتیی نووسینگەی هەناردەکردنی ڕێژیم، ڕۆژی سێشەممە، ٧ی ڕەشەمە، لە بەخشنامەیەکدا بە خاڵە گومرۆکییەکانی ڕایگەیاند: هەناردەکردنی قەندی بەرهەمهاتوو لە شەکری سپی یاساغە و ئەمە لە حاڵێکدایە، کە هەواڵدەریی "ڕویتێرز" هەواڵی هاوەردەکردنی شەکری لە هیندووستان بڵاو کردەوە.

دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا، لە بەرجام و گەڕانەوەی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، پێوەندیی ڕێژیم لەگەڵ نیزامە ماڵییەکانی جیهان بچڕاوە و بەتایبەت ناتوانێت لە دۆلار بۆ فرۆشتنی نەوت کەڵک وەر بگربێت، کۆمپانیاگەلی خواردەمەنی وەک: "کارگیل" و "بانج" و بەشێک لە کۆمپانیاکانی تریش، هەر بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران هەناردەکردنی خواردەمەنییەکانیان بۆ ئێران ڕاگرتووە.

ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات، کە هیندووستان لە مانگەکانی خاکەلێوە و گوڵان شەکری خاو هەناردەی ئێران دەکات و ئەمە یەکەمین فرۆشی شەکری خاوی هیندووستان بۆ ئێران لە پێنج ساڵی داهاتووە.

ئەم یاساغکردنە و لە بەرانبەردا هاوەردەکردنی هەندێک شتومەک یان خواردەمەنییە جێگرەوەکان فێڵێکە بۆ دەورلێدانی گەمارۆوەکان لە لایەن ئێرانەوە.

دوای پیشەی نەساجی، پیشەی شەکر و قەند، دووەمین پیشەی کۆن لە ئێراندایە و زۆرترین بەکارهێنەرانی قەند و شەکر لە ئێراندا، لە پێشدا بنەماڵەکان و دواتر بەرهەمە خوراکی و شیرەمەنییەکانە.

لە دوای گەمارۆوەکانی ئامریکاوە، بازاڕەکانی ئێران لە بواری گۆشت و میوە و دەرمان و زۆرێک لە پیشەکان تووشی کێشە هاتوون و لەم دواییانەشدا کە کێشەی قەند سەرباری ئەو گرفتانەی دیکەیە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پیشە سەرەکییەکان لە ئێراندا بە هۆی هاوکاریی نەکردنی کۆمپانیا پیشەیییەکانی جیهان بەرەو بارودۆخێکی نالەبار و ناجێگیر دەڕوات.