کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران به شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە

12:41 - 28 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: هەناردەکردنی نەوتی ڕێژیمی ئێران به هۆی گەمارۆکانی ئامریکا، بۆ کەمتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە.

ڕۆژی هەینی، ٢٧ی بانەمەڕ، هەواڵدەریی "ڕویتێرز" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە بەپێی زانیارییەکان لەسەر نەوتکێشەکان و هەروەها سەرچاوەکان لە نێو بازاڕەکانی جیهانی نەوتدا نیشان دەدەن کە لە مانگی بانەمەڕدا، ڕێژیمی ئێران ٢٥٠ تا ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژدا هەناردە دەکات.

به‌پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم نەوتە بۆ وڵاتانی ئاسیایی هەناردە دەکرێت، بەڵام هێشتا کڕیارەکە دیاری نەکراوە.

ئامریکا لە دوای هاتنەدەر لە ڕێککەوتنی بەرجام، سزای نوێی به‌سه‌ر ڕێژیمی ئێراندا سه‌پاند و گوشارەکانی بۆ سەر ئەم ڕێژیمە پەرەی سەند و لەم دواییانەدا هەموو مەعافییەتەکانی کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێرانی لە لایەن وڵاتانی دیکەوە لابرد.

ڕێژیمی ئێران لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوودا، پێش لە هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجامدا، نزیک بە ٢.٥ میلیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژدا هەناردە دەکرد، کە ئێستا  بۆ کەمتر لە ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا  دابەزیوە.