کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی نەوتی ئێران دابەزیوە

20:23 - 28 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا بۆ ژێر یەک میلیون بەرمیل دابەزیوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٢٧ی خاکەلێوە، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، کە نێونجی هەناردەکردنی نەوتی ئێران لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا بۆ کەمتر لە یەک میلیون بەرمیل دابەزیوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکان، هەناردەکردنی نەوتی ئێران تا مانگی ڕەشەممەدا بە ڕێژەی ١.١ تا  ١.٧ میلیۆن بەرمیل دابەزیبوو. 

ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران لە سەرەتای ساڵی ڕابردوودا، ٢/٥ میلیون بەرمیل بوو. 

ئامریکا، بۆ ماوەی ٦مانگ کاتی به ٨ کڕیاری نەوتی ئێران (چین، هێندووستان، یوونان، ئیتالیا، تایوان، ژاپۆن، توركیه و كورەی باشوور) داوە، بەشێوەی سنووردار نەوتی ئێران هاوردە بکەن، کە ئەو ماوەیە لە مانگی گوڵان، کۆتایی پێ دێت و دانڵد ترامپ بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدات.

ئامریکا بەتەمایە بۆ پێشگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئیزن بەچەند وڵاتێکی وەکوو چین، هێند، تورکیە و کورە باشوور بدات کە بەشێوەی سنووردار نەوتی ئێران هاوردە بکەن و بەم پێیە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ نزیک به  ٦٥٠ هەتا ٨٥٠ بەرمیل لە ڕۆژدا کەم بکاتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێشتر، دوو کۆمپانیای نەوتیی ژاپۆن، بە ناوەکانی "نەوت و وزەی نیپۆن" و "ئیدەت میتسۆ کۆسان"ڕایانگەیاند،  کە نەوت لە ڕێژیمی ئێران ناکڕن و لە جیاتی ئێران لە وڵاتی عەمان دەیکڕن.

له‌ دوای سزاکانی ئامریکا، ڕێژیمی تاران به‌ به‌رده‌وامی هه‌وڵ ده‌دات درێژه‌ به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بدات، ‌چونکە داهاتی سه‌ره‌كیی وڵاته‌کەی بە نەوت بەستراوەتەوە و ئەگەر  ڕێگە بە کڕینی نەوتی ئێران نەدرێت، ئابووریی ئێران بەتەواوەتی  تووشی ڕووخان دەبێت.