کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی نەوتی ئێران ٧٠% دابەزیوە

13:34 - 17 جۆزەردان 2719

 کوردستان میدیا: هەناردەکردنی نەوتی ڕیژیمی ئێران بە هۆی گەمارۆوەکانی ئامریکا ٧٠% دابەزیوە.

هەواڵدێری بلۆمبێرگ لە ڕاپۆتێکدا لە زاری کۆمپانیای ڕاوێژکاریی ''ئێف جی ئەی''  باسی لەوەکردووە، کە دابەزینی ٧٠ لەسەدیی هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمەکانی گاز بە بەراورد لەگەڵ پێوەری نیونجی ٤ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩یە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ڕێژیمی ئیران لە ٤ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩، ڕۆژانە بە شێوەی نیونجی ١.٥ میلیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد.

هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران، لە مانگی مەی بۆ ٣٥٠ تا ٤٠٠ هەزار بەرمیل کەم بووەتەوە، کە دابەزێنێکی ٧٠% نیشان دەدات.

 ئەوە لە حاڵێکدایە، برایان هووک، نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی هەینی١٠ی جۆزەردان، لە بارەی لێخۆشبوون لە هەندێک لە هاوردەکەرانی نەوتی ئێران ڕایگەیاند: "ئەگەر هەر وڵاتێک هەتا ڕادەی دیاریکراوی ئامریکا نەوتی لە ئێران هاوردە نەکردبێت، ئەوا لەگەڵ گەمارۆوەکانی ئامریکا ڕووبەڕوو دەبێتەوە".

نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ڕێژیمی ئێران، لە بەشێك لە قسەکانیدا ڕایگەیاندبوو: کە سیاسەتەکانی ئامریکا ڕوونە و ئەویش بە سفرگەیاندنی کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێرانە.

ئامریکا لە دوای هاتنەدەر لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، سزای نوێی به‌سه‌ر ڕێژیمی ئێراندا سه‌پاند و گوشارەکانی بۆ سەر ئەم ڕێژیمە پەرەی سەند و لەم دواییانەدا هەموو لێخۆشبوونەکان لە کڕینی نەوتی ڕێژیمی ئێرانی بۆ وڵاتانی دیکەوە لابرد.

ڕێژیمی ئێران لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوودا، پێش لە هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجامدا، نزیک بە ٢.٥ میلیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕۆژدا هەناردە دەکرد، کە ئێستا  بۆ کەمتر لە ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا دابەزیوە.