کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی نەوتیی ڕێژیمی ئێران بۆ تورکیە ٩٩ لەسەد دابەزیوە

18:08 - 1 خەرمانان 2720

بەپێی دانپێدانانی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران و تورکیە، ئاڵووێرە بازرگانییەکانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بە جۆریک کە هەناردەکردنی نەوتیی ڕێژیمی ئێران بۆ تورکیە ٩٩ لەسەد دابەزیوە، واتە نزیک بە سیفر بووەتەوە.

"مێهرداد سەعادەت"، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران و تورکیە ڕایگەیاندووە کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هەناردەکردنی ئێران بۆ تورکیە بەگشتی نزیکەی ٨٥ لەسەد دابەزیوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە هۆکاری بەرچاوی دابەزینی ئاڵووێرە بازرگانییەکان لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا، دابەزینی بایەخی هەناردەکردنی کاڵایی ئێران بۆ تورکیەیە و گرینگترین هۆکار دابەزینی زیاتر لە ٩٩ لەسەدیی هەناردەکردنی کاڵا نەوتییەکانی ئێران بۆ تورکیەیە.

بەرپرسی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران و تورکیە لە درێژەدا وتوویەتی: "دیار نییە کە ئایا ڕاگرتنی هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ تورکیەش لەو حیساباتەدا لەبەرچاو گیراوە یان نە؛ هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ تورکیە ١٢ی خاکەلێوەی ئەوساڵ پاش تەقینەوەی هێڵی لوولەی گواستنەوەی گاز لە خاکی تورکیە ڕاگیرا و ٣ مانگ دواتر پاش چاککردنەوەی دەستی بەکار کردووەتەوە".

لە ٦ مانگەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠دا ڕێژەی ئاڵووێرە بازرگانییەکانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ تورکیە، بەنیسبەت ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ٧٣ لەسەد دابەزیوە.

زۆرترین نرخی هەناردەکردنی کاڵا بۆ ئێران دەگەڕێتەوە بۆ هەناردەکردنی پلاستیک و بەرهەمە پلاستیکییەکان و ڕێژیمی ئێران ٤١٧ ملیۆن دۆلار لە کۆی گشتیی هەناردەکردنی خۆی بۆ تورکیە داهاتی بووە.

لە حاڵێکدا کە تورکیە گەورەترین شەریکی بازرگانیی ڕێژیمی ئێران دێتە ئەژمار کە لە ئێستادا ئاڵووێری بازرگانیی نێوان ئەو دوو وڵاتە نزیکی سیفر بووەتەوە.