کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی گازی LPG ئێران لە ساڵی ٩٩ لەنیوە کەمتر بووە

12:53 - 16 خاکەلێوه 2721

ئامارە فەرمییەکانی گومرکی ئێران پیشان دەدات کە لە ساڵی ٩٩دا هەم ڕێژە و هەم داهاتی هەناردەکردنی گازی LPG ئێران کەمتر لەنیوە بووە.

گازی LPG یەکێک لە کالا گرینگەکانی هەناردەکردنی ئێرانە و لە ساڵی ١٣٩٨ لە داهاتی هەناردەکردنی غەیرە نەوتیی ئێران پشکی ١٦ لەسەدی هەبووە، بەڵام ساڵی ڕابردوو ٦١ لەسەدی دابەزین هەبووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئێران لە ساڵی ڕابردوو بڕی ٢ میلیارد و ٦٥١ ملیۆن دۆلار گازی LPG هەناردە کردووە، لە حاڵێکدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٩٨ زیاتر لە ٦.٦ میلیارد دۆلار بووە.

هەروەها ڕێژەی هەناردەکردنی گازی LPG لە ساڵی ڕابردوو ١٢ ملیۆن تۆن بووە، لە حاڵێکدا ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٩٨ نزیکەی ٢٥.٧ ملیۆن تۆن بووە.

گرینگترین کڕیارانی گازی LPG ئێران چین و وڵاتانی ئاسیایین.

 گازی LPG زیاتر لە مەیدانە نەوتییەکان وێڕای نەوت بەرهەم دێت، بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران پێش لە گەرمارۆکانی ئامریکا  ٣.٨ ملیۆن بەرمیل بووە و دوای گەمارۆکان ئەم ڕێژەیە لەساڵی ڕابردوودا گەیشتبووە ١.٩ ملیۆن برمیل.

زۆرێک لە چاڵە نەوتییەکانی ئێران بە هۆی گەمارۆکانەوە لە ئیستادا کاری لەسەر ناکرێت، هەر بۆیە گازی LPG بە ڕێژەیەکی زۆر دابەزیوە.