کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەکردنی ئێران بۆ عێراق بەنیسبەت شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە ٢٠ لەسەد دابەزیوە

11:15 - 16 رەزبەر 2720

سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران و عێراق باسی لە دابەزینی ١٥ هەتا ٢٠ لەسەدی هەناردەی ئێران بۆ عێراق کردووە و وتوویەتی، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەناردەکردن بۆ عێراق نزیک ٣ میلیارد و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، کەچی ئەو ڕێژەیە لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردوودا ١٢ میلیارد دۆلار بووە.

ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەر، "یەحیا ئالی ئیسحاق" سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران و عێراق، دابەزینی هەناردەی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی بەشێک لە مامەڵەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە شێوەی ڕیاڵی و بەشێکی دیکەش بە شێوەکانی دیکە دەکرێن، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە بەو شێوانە ناتوانین مامەڵە بکەین.

هەروەها بەڕێوەبەری دەفتەری عەرەبی و ئافریقایی ڕێکخراوی بازرگانیی ئێران لەم دواییانەدا باسی لە دابەزینی ٣.٥ میلیارد دۆلار هەناردەی غەیرە نەوتیی ئیران بۆ وڵاتانی عەرەبی کردووە کە بەنیسبەت پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ڕابردووەوە ٢.٥ میلیارد دۆلار دابەزینی بەخۆوە بینیوە.

گەمارۆوە یەک لەدوای یەکەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و کێشەی  ناردنی دراو لە مانگەکانی ڕابردوودا شویندانەریی زۆری داناوە لەسەر مامەڵە بازرگانییەکانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت کەرتی هەناردەکردن بۆ وڵاتان.