کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە کەمترین ئاستی خۆی لە ٥ ساڵی ڕابردوودا

11:01 - 10 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کڕیارە سەرەکییەکانی نەوتی ئێران لە قاڕڕەی ئاسیا لە مانگی ئۆکتۆبردا و پێش لە جێبەجێکردنی خولی دووهەمی تەحریمەکانی ئامریکا، ڕێژەی کڕینی نەوتی خۆیان لە تاران بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ٥ ساڵی ڕابردوودا دابەزاندووە.

بەپێی دوایین هەواڵ و ڕاپۆرتەکان، وڵاتانی چین، ژاپۆن و کۆرەی باشوور پێش لە ئیجراکردنی خولی دووهەمی تەحریمەکانی ئامریکا دژ بە تاران بەڕێژەیەکی بەرچاو ئاستی هاوردەکردنی نەوتی خۆیان دابەزاند بەچەشنێک کە لە مانگی ڕابردوودا چوار وڵاتی چین، هێند، ژاپۆن و کۆرەی باشوور ئاستی هاوردەکردنی نەوتی خۆیان لە ئێرانەوە گەیاندە ٧٦٢ هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا.

ئەم ڕێژەیە ٥٦% کەمترە لە ساڵی ڕابردوو و لە ساڵی ٢٠١٣وە کەمترین ئاماری ڕاگەیەندراوە. هەنووکە ئامریکا ئیزنێکی ١٨٠ ڕۆژەی بە ٨ کڕیاری نەوتی ئێران داوە تاکوو جێگوزینێک بۆ کڕینی نەوتەکەیان لەباتی ئێران بدۆزنەوە.