کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێران لە پیرانشار لەسەر تەقەکردن لە کاسبکاران جەختی کردەوە

18:31 - 23 گەلاوێژ 2721

هەنگی سنووریی ڕێژیمی ئێران لە پیرانشار لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا بە بیانووی کۆنترۆڵکردنی زیاتری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان، لەسەر تەقەکردن لە کاسبکاران جەختی کردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە هێزە کوردییەکان لە بەرگی کاسبکاراندا لەو ناوچانەدا لە حاڵی هاتوچۆدان و تەقەکردن لێیان ڕێگەپێدراوە.

دەرکردنی ئەو ڕاگەیەندراوە لە حاڵێکدایە کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام کاسبکاران و کۆڵبەرانیان کە بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیانی خۆیان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کار دەکەن، کردووەتە ئامانج.

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەی هەنگی سنووریی پیرانشار، خەڵکی کورد بە عەشیرە و سنوورنشین ناوی هاتووە کە ئەوەش بێڕێزی و نکۆڵیکردن لە شوناسی ئەو خەڵکەیە و  سیاسەتی فاشیستیی ڕێژیمی ئێران دەرحەق بە گەلانی دیکەی ئێران ئاشکرا دەکات.