کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەنگی مەرزبانی پیرانشار و سپای پاسدارنی رێژیم داوای هاوکاری لە مەڕدارانی ئەو ناوچەیە دەکەن

23:22 - 14 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکانی رێژیمی ئێران داوایان لە مەڕدارەکانی ناوچەی شنۆ کردووە کە هاوکاریی هێزەکانی رێژیم بکەن.</strong>
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەنگی مەرزبانی پیرانشار بە هاوکاریی سپای پاسداران لە شاری شنۆ، کۆبوونەوەیەکیان بۆ هەموو مەڕدارەکانی ناوچەی شنۆ گرتووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا داوایان لە مەڕدارەکان کردووە کە هاوکاریی هێزە نیزامییەکانی رێژیم لە ناوچە سنوورەییەکانی ئەو شارە بکەن.

رێژیم لەو کۆبوونەوەیەدا داوای لەو مەڕدارانە کردووە، لە ئەگەری بینین و جموجۆڵی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا، هێزەکانی رێژیم ئاگادار بکەنەوە.

ئەو داواکارییە دوابەداوای ئەوە هاتووەتە گۆڕێ کە چەند تێکهەڵچوون لە نێوان هێزە نیزامییەکانی رێژیم و چەند کەسێکی نەناسراو لە بەخشی نەڵۆس، سەر بە شاری شنۆ رووی دا.

هەروەها، چەند رۆژ پێش ئێستا لە چەندین گوندی شارستانی سەردەشت، هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێران لەگەڵ کەسانی چەکدار تووشی تێکهەڵچوون بوون و ژمارەیەک لە هێزەکانی سەربە سپای پاسدارانی رێژیم بریندار بوون.

رێژیم سەبارەت بە رووداوەکانی ناوچەی کێلەشین و روانەکردنی هێزی پێشمەرگە، لەلایەن رێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ناوچەی سنووری کێلەشین، جووڵەی بە هێزەکانی خۆی کردووە و لەو ناوچانەدا جێگری کردوون.

هەروەها لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بە هۆی نائارامی و تێکهەڵچوون لە هەندێک لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات، چەندین هاووڵاتیی کورد کوژراو، بریندار و دەستبەسەر کراون.

لەو پێوەندییەدا، رێژیمی ئێران بۆ میلیتاریزەکردنی سنوورەکانی کێلەشین و ناوچەکانی دەورووبەر، لە شارەکانی تاران و سنە هێزی نیزامی رەوانەی شاری شنۆ کردووە.

هەروەها رێژیم بەشێکی لەو هێزانەی بە هەموو کەرەستەی نیزامییەوە بۆ ناوچەکانی شاری پیرانشار رەوانە کردووە.

رێژیمی ئێران لە شاری پیرانشار سەرقاڵی خاوێن‌کردنەوەی رێگاوبانی کوێستانەکانی بناری قەندیل بەتایبەت کیوی شەڕگەـیە و لەو شوێنەدا هێزی جێگیر کردووە.