کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵدەریی ئاڵمان: ناکۆکیی نێوان ئێران و ئامریکا ڕووی لە زیادبوونە

12:12 - 5 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بابەتی ناکۆکییەکان لە کەنداودا و بەڕێکردنی هێزی نیزامیی زیاتر لە لایەن ئامریکاوە بۆ ناوچەکە، بووەتە خاڵی سەرنجی ڕاگەیاندن و هەواڵدەرییەکان و هەواڵدەریی ئاڵمان، قۆناغی نوێی ناکۆکییەکانی نێوان ئامریکا و ئێرانی مەترسیدار هەڵسەنگاندووە.

هەواڵدەریی ئاڵمان "dpa"، ڕۆژی چوارشەممە، ٥ی پووشپەڕ، لە ڕاپۆرتێکی لێکدانەوەییدا، باسێکی لەسەر گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانە لە کەنداودا و ناکۆکیی نێوان دوو وڵاتی ئامریکا و ڕێژیمی ئێران کردووە.

ئەو ڕاپۆرتە، بە قسەکانی "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ئێرانەوە دەستی پێکردووە کە وتوویەتی: "بەبێ لابردن و کەمکردنەوەی گەمارۆکان، لە ململانێکردن دەست هەڵناگرین، ڕووحانی تەنانەت باسی ئامادەیی نیزامیی ئێران لە بەرانبەر هەڕەشەکاندا، کە بە "دەستدرێژیی ئامریکا" ناوی لێ بردووە، کردووە.

هەروەها باس لەوە کراوە کە سەرەڕای ئامادەییدەربڕینی "دانێڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا، بۆ وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی ڕیژیمی ئێران و لە لایەکی دیکەوە چەند قات کردنەوەی هەڕەشە و گوشارەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە و نەکشانەوەی ئێران لە خواستەکانی، بوونەتە هۆکارێک بۆ زیاتربوونەوەی ناکۆکییەکان.

هەواڵدەریی ئاڵمان لەو ڕاپۆرتەدا، گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانەی زاڵ بە سەر چڕتربوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئامریکا و هەروەها دۆخی گەمارۆوە نوێیەکان دژ بە ئێرانی، بە گۆڕانکارییەکی مەترسیدار هەڵسەنگاندووە.