کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵدەرییەکی سەر بە ڕێژیمی ئێران هێرشی کردە سەر ڕێبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

17:29 - 18 رەزبەر 2721

هەواڵدەریی "فارس'' سەر بە ڕێژیمی ئێران دیسانەوە هێرشی کردە سەر ڕێبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە: "ڕێبەرانی کوردستانی باشوور بەرپرسی نائەمنییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن و ڕێگاخۆشکەری وڵاتانی بیانی لە ناوچەدا بەتایبەتی نێوخۆی ئێرانن".

هەواڵدەریی "فارس" ئیدعای کردووە: "بەداخەوە کوردستانی باشوور بووەتە ناوەندی هەڕەشە و پیلان دژی ئێران. تێرۆر و کوشتن لە شارەکانی کوردستانی ئێران و هەروەها زانایانی ئەتۆمی ئاکامی ڕێککەوتنی نافەرمیی نیزامی و ئەمنییەتیی ڕێبەرانی کوردستانی باشوورە لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و ڕۆژاوایی".

بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەر هەڵبژاردنەکانی عێراق و کوردستان بۆ دیاریکردنی نوێنەرانی پارلمان بەڕێوە دەچێت و کارناسانی کاروباری ناوچەکە  دەڵێن، ئامانجی ڕێژیم لەو جۆرە تۆمەتانە تەنیا دروستکردنی ئاژاوەیە و دەیهەوێت دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق بشێوێنێت".

لەلایەکی دیکەوە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران لە مێژووی شۆڕشی خۆیاندا هیچ کات دەستیان بۆ تێرۆر و جینایەت نەبردووە و ئەوەی ڕوونە ڕێژیمی ئێران بووە کە لە کوردستاندا دەستی لە هیچ تێرۆر و تاوانێک نەپاراستووە.

دوایین تێرۆری ڕێژیمی ئێران تێرۆری شەهید "مووسا باباخانی'' لە تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بووە کە لە هۆتێلێکی شاری "هەولێر" لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تێرۆر کرا.

هاوکات خەباتی خەڵکی کوردستان و حیزبە کوردییەکان گرێدراو بە هیچ ڕەوت و فکرێکی تایبەت نییە و هەڵقووڵاوی ئیرادەی خەڵكە.

لەو پێوەندییەدا بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕایانگەیاندووە کە کار و چالاکییەکانی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەڵقووڵاوی خەڵكی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە و سەرچاوەگرتوو لە ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کورد و کوردستانە.