کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵنێرانی بێ‌سنوور: لەساڵی ٢٠١٢دا، ١٣٠ هەواڵنێر و وێبلاگ‌نووس کوژراون

15:32 - 29 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور، راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی بارودۆخی هەواڵنێران و رێپۆرتێرانی جیهان بڵاو کردەوە.
رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٩ی سەرماوەز، بە بڵاو کردنەوەی راپۆرتی ساڵانەی خۆی لە پاریس و ژنێڤ، رایگەیاند لە ماوەی ئەمساڵی زایینی ٨٨ هەواڵنێر و ٤٧ وێبلاگ‌نووس لە کاتی ئەنجام دانی پیشەکەیان گیانیان لە دەست داوە.
ئەم رێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٢٠١١ زیادی کردووە و بەتایبەت وێبلاگ‌نووسەکان لە ٥ کوژراوەوە بۆ ٤٧ کەس زیاد بوونی بە خۆوە بینوە.
رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور لە ساڵی ١٩٩٥ بۆ یەکەم جار دەستی دایە بڵاو کردنەوەی ئاماری ساڵانەی خۆی و رایگەیاندوە، زۆرترین رێژەی کوژرانی هەواڵنێری لە ساڵی ٢٠١٢ تۆمار کردووە.
میشاییل ریدیسکە، وتەبێژی رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور لە بەرلین لەم پێوەندییەدا گوتی: هۆکارەکانی کوژرانی هەواڵنێران زیاتر بەهۆی شەڕی سووریه، توندوتیژییەکانی تاڵیبان لە پاکستان و هەروەها شەڕی نێوخۆیی سوومالی لەم راپۆرتەدا تۆمار کراوە.
ئەم راپۆرتە پەڕژاوەتە سەر ئەوەش سووریه، سوومالی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان لە پاکستان، مەترسیدارترین ناوچە بۆ هەواڵنێران و رێپۆرتێرانن.
لە راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنووردا هاتووە، زیاترین رێژەی هەواڵنێران و وێبلاگ‌نووسانی بەندکراو لە وڵاتی تورکیە دایه و هۆکارەکەشی بۆ ئاڵۆزییەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیه و کوردەکانی ئەو وڵاتە گەڕاندووەتەوە.
ئەم رێکخراوە هەروەها راشیگەیاندووە، ژمارەیەکی زۆریش لە رۆژنامەنووسان لە زیندانەکانی وڵاتانی ئێران، چین و سووریە دان.
لەلایەکی دیکەشەوە کۆمیتەی بەرگری کردن لە رۆژنامەوانان لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە لە ساڵی ٢٠١٢ زایینی لە سەرانسەری جیهاندا ٦٥ رۆژنامەوان کوژراون.
CPJ بڵاویشی کردەوە، نزیکەی ٥٠ رۆژنامەوان لە گرتووخانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێراندا دەسبەسەر کراون.