کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەولێر شوێنی کرێکارانی ئێرانییە

12:03 - 31 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: شەپۆلێک لە کرێکارانی ئێرانی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت شاری هەولێر کردووە کە ڕێژەی ئەو کرێکارانەش بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە.

هەواڵدەریی "عصر ایران" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە شەپۆلێک لە کرێکارانی ئێرانی بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێوەیە و موسافیرخانەکانی شاری هەولێر پڕن لە کرێکارانی ئێرانی.

لەو ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە کرێکارانی ئێرانی لە شوێنە پیشەییەکانی هەولێر سەرقاڵی کرێکارین هەتا بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن.

لەو ڕاپۆرتەدا لەزاری کرێکارانی ئێرانییەوە نووسراوە: "بە هۆی ئەوەیکە دۆخی ئابووریی ئێران باش نییە ئێمە ڕوومان لە هەولێر کردووە ؛ دراوی دۆلار و دینار نرخی لە تمەن زیاترە."

بەشی زیاتری ئەو کرێکارانەی ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن دەرچووانی زانکۆکانن کە بە هۆی نەبوونی هەلی کار لە ئێراندا، پیشەی کرێکاریان هەڵبژاردووە.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران ئەگەر دۆخی ئابووریی ئێران بەم شێوەیە درێژەی هەبێت نیوەی خەڵکی کۆمەڵگا دەچێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.