کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی نوێی ڕێژیم بۆ کەڵکاژۆوەرگرتن لە کۆڵبەران و خاوەن لێنجەکان

10:36 - 8 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بەمەبەستی دەوردانەوە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تەحریمەکان، کۆماری ئیسلامی هەوڵی کەڵکاژۆوەرگرتن لە پیشەی کۆڵبەری لە کوردستان و قاچاخی شتوومەک لەڕێگەی لێنجەکانەوە دەدات.

عەلی لاریجانی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم لە دانیشتنی نێونەتەوەیی "تعاون" کە ڕۆژی چوارشەممە ریکەوتی ٧ی سەرماوەز لە تاران بەڕێوە چوو، باسی لە پێویستیی ڕەچاوکردنی سیاسەتی "کراوە" لە ناوچە سنوورییەکانی باشور و ڕۆژائاوای ئێران کردووە و وتوویەتی: پێویستە لە ڕێگەی دامەزراندنی "تەعاونی" تایبەت شتوومەکەکان بەشێوەی نایاسایی هاوردە بکەین تاکوو بتوانین ڕووبەڕووی تەحریمەکان ببینەوە.

ناوبراو وتوویەتی: دەبێ هەناردە و هاوردەکردنی شتومەکەکانمان لە ڕێگەی "لێنج و کۆڵبەرانەوە" ئەنجام بدەین و بە دامەزراندنی تەعاونی جۆراوجۆر تواناییەکانیان پەرە پێ بدەین؛ پاشان وەک منەت کردنێک بەسەر ئەم چینە کەم‌داهات و هەژارە وتوویەتی: ئەم کارە قازانجێکی بۆ ئەوانیش تێدا دەبێت!

هاوکات حەسەن ڕوحانی لە دانیشتنی هەیئەتی دەوڵەت باسی لەوە کردووە کە پارێزگا سنوورییەکان لە هەلومەرجی ئێستاماندا نەخشێکی گرینگ دەتوانن بگێڕن و بەرپرسایەتییەکی قورس و تایبەت دەکەوێتە سەر شانیان هەربۆیە هەندێک کارئاسانی بۆ چالاکترکردنی ناوچە ئازادە بازرگانییەکان ئەنجام دەدەین تاکوو ڕەوتی هاوردەکردنەکان لەم ناوچانە ئاسان ببێتەوە؛ وتوویشیەتی: لە ئێستادا ئەم پارێزگایانە دەتوانن ڕۆڵی ئەمبار و دابینکەری پێداویستییە ئەساسییەکانی وڵات بەتایبەت ماددە خاو و سەرەتاییەکان بگێڕن.

ئەم قسە و لێدوانانە و هەوڵدان بۆ کەڵکاژۆوەرگرتن لە باری مەعیشەتی لاواز و خراپی کۆڵبەران و خەڵکانی سەر سنوورەکانی کوردستان لە کاتێکدایە کە لە ڕابردوودا بە بەردەوامی کۆڵبەرانی کوردستان وەبەر پەلاماری هێزە بەناو ئینتزامییەکان کەوتوون و نەتەنیا ئیزنی ئەنجامدانی ئەم کاسبییە پڕمەترسییەیان پێ نەداون بەڵکوو وەک قاچاخچی و مۆرەی بێگانە و هۆکاری شێواندنی ئارامی سنوورەکان ناویان لێ براوە کە گوایە لە دژی ئەمنیەتی نیشتمانی ئێران دەجووڵێنەوە بەڵام ئێستە کە بۆ خۆیان گڵۆڵەیان کەوتۆتە لێژی و لەباری ئابوورییەوە گوشاریان بۆ هاتووە دەیانهەوێ بەم شێوازە کەڵکاژۆیان لێوەربگرن.