
بەڵگەیەکی نهێنی لە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران بڵاو بووەتەوە کە پیشان دەدات کە کاتێک ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکانی ئەو ڕێژیمە بەو ئاکامە دەگەن کە بوونی چالاکان و ناڕازییان لە نێوخۆی ئێران بەرژەوەندییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە، هەوڵ دەدەن کەسانی ناڕازی ناچار بەوە بکەن ئێران چۆڵ بکەن.
ئەو بەڵگەیە کە گرووپی سایبێریی ''عەداڵەتی عەلی'' ڕادەستی هەواڵدەریی ''بی.بی.سی'' کردووە، ئەوە پیشان دەدات لە وەزارەتی ئیتلاعات بەسەر ژیانی تاکەکەسیی ناڕازییان زاڵە و بە وردی چاوەدێرییان دەکات.
لەو بەڵگەنامەیەدا هاتووە، ''نرگس محەممەدی'' چالاکی سیاسی، دەبێ بڕیاری پێشگرتن لە چوونەدەرەوەی لە ئێرانی لەسەر وەلا بنرێت، چونکە ناوبراو لەو بابەتە کەڵکاژۆی میدیایی وەردەگرێت.
هەروەها لەو نامەیەدا ئاماژە بە هەوڵە ناپەسەندەکانی سپای پاسداران لە بابەت ژنانی دەسبەسەرکراو کراوە، بابەتێک کە زۆرێک لەو ژنانەی کە زیندانیی سیاسی بوون بەردەوام باسیان لێ کردووە.
لەو بەڵگەنامەیەدا باس لەوەش کراوە کە وەزارەتی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران دەست لە کاروباری یەکتر وەردەدەن و لە زۆر حاڵەتدا ناکۆکیی ئەو دوو ناوەندەی ڕێژیمی لێ کەوتووەتەوە.