کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی ڕێژیمی ئێران بۆ پەردەپۆشکردنی جینایەتەکانی لە زیندانی "ئێڤین"

12:02 - 7 خەرمانان 2721

''حەسەن نەورۆزی'' جێگری کۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە بابەت ئەو ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن گرووپی ''عەداڵەتی عەلی'' لە زیندانی "ئێڤین" بڵاو بوونەوە وتوویەتی کە ڤیدیۆکانی زیندانی "ئێڤین"، "فیلمسازیی ئیسرائیلـ"ـییەکانە.

ناوبراو وتوویەتی: ''چ هۆیەکی هەیە کە لە کۆماری ئیسلامی زیندانیی ئەشکنەجە بدەن، هیچ هۆکارێکی نییە و هۆیەک نییە کەسێک کە ١٠ ساڵ زیندانیی بۆ بڕاوەتەوە ئەشکەنجە بدەین، ئەشکەنجە لە زیندانەکانی ئێران قەبووڵ ناکەم''.

بە باوەڕی ئەو نوێنەرەی مەجلیس ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان لە زیندانی ئێڤین، "فیلمسازیی ئیسرائیلـ"ـییەکانە و لە ڕاستای بەڵاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە شکستەکانی ئامریکا و ئیسرائیل لە ئەفغانستان و زیندانەکانی ئەو وڵاتەیە.

قسەکانی جێگری کۆمیسیۆنی قەزایی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لەحاڵێکدایە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران یەک لەوان سەرۆکی دەزگای دادی ڕێژیم دانیان بەو ڤیدیۆیانە دانابوو و داوای تاوتوێ بەسەر دۆخی زیندانەکانیاندا کرد بوو.

گرووپی سایبێریی بە ناوی ''عەداڵەتی عەلی'' ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی گەلاوێژ بە بڵاوکردنەوەی چەندین ڤیدیۆ و وێنە ڕایگەیاند کە  کامێرا ئەمنییەتییەکانی زیندانی ئێڤێنی هەک کردووە، بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیانە شەپۆلێکی لە کاردانەوەی چالاکانی مافی مرۆڤ، بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە.