کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵێکی جێگەی پەسنی ژینگەپارێزانی کوردستان

10:53 - 16 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: لە ڕۆژانی ڕابردوودا کۆمەڵێک لە چالاکان و ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان بە چوون بۆ گوندەکان و گرتنی کۆبوونەوە بۆ خەڵک هەوڵی ئاگادارکردنەوە و وشیارکردنەوەی خەڵکیان لەهەمبەر زیانەکانی بڕینەوەی دارستانەکان دا.

لە هەوڵێکی کەموێنە و جێگەی پەسندا ژینگەپارێزانی کوردستان بەتایبەت لە ناوچەی مەریوان سەردانی گوندەکانی سەرنژمار، نێ، کانی‌سپیکە، یەنگیجە، دەرەتفێ و پیرسەفایان کردووە و بە وەڕێخستنی کۆبوونەوە بۆ دانیشتوانی ئەم گوندانە هەوڵی ئاگادارکردنەوە و وشیارکردنەوەیان داوە لەهەمبەر زیانەکانی بڕینەوەی دار و لێڕەوارەکان کە ماوەیەکە بەچڕی کراوەتە سەرچاوەی داهات.

لەم کۆبوونەوانەدا باس لە دۆخی قەیراناویی دارستانەکانی ناوچە کراوە و بەرپرسایەتی مێژوویی نەسڵی ئێستە بەرامبەر بە نەسڵەکانی دواتر وەبیر خەڵک هێنراوەتەوە؛ هەروەها وێڕای ئیدانەکردنی هەوڵی هەندێک کەس و لایەنی هەلپەرەست بۆ بڕینەوەی دارستانەکان و ڕووتانەوەی لێڕەوارەکانی کوردستان باس لە گرینگی و پێویستیی هەبوونی دار وەک سەرچاوەی ژیان کراوە.

ماوەیەکە هەندێک لایەنی هەلپەرەست کە لە نێویاندا شوێنپێی سپای پاسدارانیش دیارە، بەشێوەی بەرنامەداڕێژراو دەستیان کردووە بە بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان بۆ مەسرەفی تایبەتی کە بەپێی هەواڵەکان بەشێکیان بۆ درووست کردنی خەڵووز کەڵکی لێوەردەگیرێ و بەشێکی دیکەشیان بۆ کارخانەکانی کاغەز لە باکووری ئێران ڕەوانە دەکرێن.