کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵێکی دیکەی ڕێژیمی ئێران پووچەڵ کرایەوە

18:30 - 2 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دەوڵتی فەرانسە ئەندازیارێکی ئێرانی، بە تۆمەتی قاچاخی کەرەستەی نیزامی، ڕادەستی ئامریکا دەکات.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەدان، کاناڵی تلویزیۆنیی ''خەبەر ئەلئان''، لە زاری دۆزگەری فەرانسە ڕایگەیاند کە ئەندازیارێکی ئێرانی به هۆی دەڵاڵیکردن بۆ کڕین و هەناردەکردنی  تەکنۆلۆژیی نیزامی بۆ سپای تێرۆریستی پاسداران، به هۆی پێشێلکردنی گەمارۆکان، ڕادەستی ئامریکا کرا.

ئەو ئەندازیارە ئێرانییە، کە تەمەنی ٤١ سالە، ٣ مانگ لەمەو پێش لە تارانەوە بۆ مۆسکۆ، پایتەختی ڕووسیە ڕۆیشتووە، دواتر لەوێوە ڕۆیشتووەتە فڕۆکەخانەی ''نیس'' لە باکووری فەرانسە، کە لە لایەن هێزەکانی ئەمنیەتی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر کراوە.

دوو دادوەری فێدراڵی ئامریکا ڕایانگەیاند: "ئەو کەسە بەوە تۆمەتبارە کە هەوڵی داوە سیستمی ڕادیۆیی و ئێلکترۆنیک بۆ ئێران هەناردە بکات، کە لە کاروباری نیزامیدا کەڵکی لێوەردەگیرێت."

بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئەو کەسە وەکوو نوێنەری شیرکەتێک کە پەیوندیی لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداراندا هەبووە، بۆ وڵاتی فەرانسە سەفەری کردووە.

ئەو کەسە کە دەرچووی زانکۆی تاران و پسپۆری "فیبری نووریـ"ـیە، لە ڕەوتی دادگاییکردنیدا باسی لەوە کردووە کە نزیک بە ١٠ ساڵە بۆ ڕێکخراوی هەوا و فەزای ڕێژیمی ئێران چالاکیی لێکۆڵینەوەیی ئەنجام داوە.

بەرپرسانی ئامریکا باسیان لەوە کردووە کە ئەو کەسە لە ڕێگای ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە هەوڵی هەناردەکردنی کەرەستەی قەدەغەکراوی داوە.

پارێزەرانی ئەم ئەندازیارەی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ئیدعای ئەوە دەکەن کە داواکاریی ئامریکا بۆ ڕادەستکردنی ئەم کەسە، هۆکاری سیاسیی لە پشتەوە بووە.