کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵێکی نوێی ڕێژیم بۆ کۆنترۆڵی خەڵک لە دنیای مەجازیدا

10:56 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: پاش تێلێگرامی ئاڵتوونی (تلگرام طلایی)، لە هەوڵێکی نوێدا، کۆماری ئیسلامی یوتیووبی ئاڵتوونی (یوتیوب طلایی) خستە بازاڕەوە تاکوو بەمشێوەیە کۆنترۆڵێکی زیاتری بەسەر بەکاربەراندا هەبێ.

ماڵپەڕێکی کۆماری ئیسلامی بەناوی "دیدئۆ" ئیزنی دەسپێڕاگەیشتن بە نێوەڕۆکی هەندێک لە زانیارییەکانی ماڵپەڕی یوتیووبی بەبێ کەڵکوەرگرتن لە فیلتێرشکەن داوە بە بەکاربەران، کە هاوشێوەی تێلێگرامی ئاڵتوونی هەڵبژاردن و دیاریکردنی نێوەڕۆکەکان لە ئەستۆی ماڵپەڕی ئاماژەبۆکراوە و کاربەر ناتوانێ ئازادانە دەستی بە ڤیدیۆ و زانیارییەکان ڕابگات.

پێشتریش ڕێژیم لە ڕێگەی ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکان و ئەرتەشی سایبێرییەوە بە سازکردنی ئەپلیکەیشێنی ناڕاست و ساختە هەوڵێکی لەم چەشنەی دا کە زەقترین نموونەی "تلگرام طلایی" بوو کە پسپۆڕانی ئەم بوارە ڕایانگەیاند: ئەگەر کەسێک ببێتە ئەندامی ئەم ئەپلیکەیشێنە، پاش دانی ژمارە مۆبایلەکەی پەیامێک لە سێرڤێری تێلێگرامی ئاڵتوونی وەردەگرێ کە داوای لێدەکات ئەو کۆدە بدات بە سیستمەکەی کە خۆی بۆی ناردووە کە کاری ئەم کۆدەش بریتییە لە سیخوڕی کردن لەنێو مۆبایلی بەکاربەر.

هەر بەم هۆیەوە پەیتاپەیتا بەڕێوەبەرانی کاناڵی تێلێگرام هۆشداری دەدەنە بەکاربەرانیان کە بەهیچ شێوەیەک کەڵک لە ئەپلیکەیشێنە سازکراوەکانی دەستی ئێران وەرنەگرن.