کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەردەوامە

13:07 - 3 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: جێگری وەزیری دەرەوەی ئامریکا، سەردانی بەشێک لە دامەزراوە ئەمنییەتییەکانی ئیسرائیلی لە پێوەندی لەگەڵ هەوڵە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵا کرد.

ئاندریا تامسۆن، جیگری وەزیری دەرەوەی ئامریکا، لە سەفەرێکدا بۆ ئیسرائیل لە هەوڵەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ ئاشکراکردن و لەنێوبردنی توونێلەکانی حیزبوڵڵا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئاگادار کرایەوە.

ناوبراو، لە تویتێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە،١ی ڕەشەمە بڵاوی کردەوە، حیزبوڵڵای وەکوو گرووپێکی سەر بە ڕێژیمی ئێران ناو برد و وتی: ئەم گرووپە "بە شوێن ڕێکارێکی نوێ بۆ دەسپێکردنی هێرشگەلێکی تێرۆریستی بۆ سەر ئیسرائیلن".

تامسۆن، لەم سەفەرەدا سەردانی یەکێک لە توونێلەکانی حیزبوڵڵای کرد، کە بەرپرسێکی ئیسرائیلی لەو بارەوە وتوویەتی: درێژایی ئەم توونێلی زیاتر لە یەک کیلۆمێترە و وێدەچێت لە ماوەی ١٢ ساڵدا ئەم توونێلە دروست کرابێت.

بەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵێن: حیزبوڵڵا ویستوویەتی لە ڕێگەی ئەم توونێلانەوە هێزەکانی خۆی بە شێوەی شاراوە بباتە نێو خاکی ئیسرائیلەوە و هێرشی کتوپڕ بکاتە سەر ئەو وڵاتە.

هەر لەم پێوەندییەدا مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ ئیسرائیل چەند توونێلێکی ئاشکرا کرد، کە لە نێوان سنووری حیزبوڵڵا و ئیسرائیل هەڵکەندرابوون.