کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا درێژەی هەیە

12:55 - 26 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران کە دەستی بەسەر نەوتکێشێکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیدا گرتووە، دوای چەند ڕۆژ ڕایگەیاندووە کە ئەم نەوتکێشە بۆ چارەسەریی "کێشەی فەنی"، ڕەوانەی کەنارەکانی ئێران کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"، چەند ڕۆژ پێش، نەوتکێشێکی "ئیماراتی یەکگرتووی عەربی"، لە ئاوەکانی "گەرووی هورمۆز"دا دەستی بەسردا گیراوە و ئامێری شوێنهەڵگرتنی ئەو نەوتکێشە لەو کاتەوە کوژاوەتەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، نەوتکێشی ''ڕیاح'' کە بە ناوی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە تۆمارکراوە، بەڵام بە ئاڵای وڵاتی "پاناما" لە دەریاکاندا هاتوچۆ دەکات، دوایین جار ڕۆژی شەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، لە نزیک "دوورگەی قێشم" لە گەرووی هورمۆزدا، شوێنی هەڵگیراوە.

لەم بارەوە، ''عەباس مووسەوی''، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئیران، باسی لەوە کردووە کە نەوەتکێشێکی بیانی، بەهۆی کێشەی فەنی و چارەسەریی کێشەکەی، بۆ کەنارەکانی ئێران ڕاگوێزراوە.

هەروەها، بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەرپرسێکی ئامریکایی بە هەوا‌ڵدەریی "ئاسۆشێتدپرێسـ"ـی وتووە کە نەوتکێشی "ڕیاح" لە نزیک دوورگەی قێشمە، کە پایەگایەکی سپای تێرۆریستی پاسداران لەو شوێنەدا جێگر کراوە.

دوای سەپاندنی گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر پێش بە هەناردەکردنی نەوتی ئێران بگیرێت، ئێمەش ئیزن نادەین وڵاتانی دیکە بۆ هەناردەکردنی نەوەتەکەیان لە گەرووی هورمۆز کەڵک وەرگرن.

هەرلەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردان، هێرش کرایە سەر دوو نەوتکێش لە دەریای عوماندا و تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون کە کاردانەوەی زۆریک لە وڵاتانی لێکەوتەوە و چەندین وڵات، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان ڕاستەوخۆ بە بکەری ئەو هێرشە زانی.