کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵە دزێوەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دۆزینەوەی چالاکانی سیاسی بەردەوامە

12:38 - 15 پووشپەڕ 2720

ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی دۆزینەوەی چالاکانی سیاسی و ئەندامانی حیزبی دێموکرات، تیمگەلی جاش و سیخوڕی گەڕۆک لە شارەکانی کوردستان دادەنیت.

بەپێی زانیاریی بە دەست گەیشتوو، ئیتلاعاتی سپا لە "مەریوان" چەند تیمێکی گەڕۆکی پێک هێناوە به مەبەستی دۆزینەوەی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە سەروبەندی ۲۲ی پووشپەڕدا.

ئەو تیمانە لە سەعاتی ۱۲ی شەو بەولاوە لەنێو شەقام و کۆڵانەکاندا بڵاو دەبنەوە و خەریکی نووسینی دروشم دەبن تا کەسانێک کە بەبۆنەی ۲۲ی پووشپەڕ، ساڵیادی تێرۆری شەهید دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" و هاوڕێیانی دروشم دەنووسن، بیاندۆزنەوە و ڕاپۆرتیان لەسەر بدەن.

ئەم کارەی ڕێژێم بە دەستی کەسانێک وەک پاسدار "حەیدەری" و هەروەها دەستوپەیوەندییەکانی ئیتلاعات وەک "سیروان بورزووئی" بەڕێوە دەچێت.

ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن بە چالاکییەکانی حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران دەست لە هیچ کردەوەیەکی دژە لۆژیکی ناپارێزێت و بەردەوام چالاکانی سیاسی دەستەسەر دەکات و ئازار و ئەشکەنجەیان دەدات.

لەگەڵ ئەو گوشارانەشدا ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە چالاکییەکانیان بۆ گەیاندنی بیر و باوەڕی خۆیان بۆ نێو کۆمەڵانی خەڵک بەردەوامن.