کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵە فێرکارییەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بەردەوامە

12:56 - 29 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: کۆمیتەی فێرکاریی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە بەڕێوەبردنی دەورەگەلێکی فێرکاریی ژینگەپارێزی، لە ئاگادارکردنەوە و بەرزکردنەوەی زانیاریی ژینگەپارێزیی خەڵک و ئەندامانی خۆی، بەردەوامە.

ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی سەوزی چیای مەریوان، لە درێژەی کار و چالاکییەکانی خۆیدا، بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی کوردستان، لە ڕێگەی کۆمیتەی فێرکاریی ئەم ئەنجومەنەوە، چەندین دەورەی فێرکاریی بە ئامانجی فێرکردنی خەڵک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان، ڕاونەکردنی ئاژەڵان و هەروەها چەندین چالاکیی دیکەی بەڕێوە بردووە و سەرقاڵی بەڕێوەبردنیەتی.

لەم چالاکییانەدا، ئەندامانی کۆمیتەی فێرکاریی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بە گەڕان بە نێو گوندەکاندا، هەوڵی فێرکاری و وشیارکردنەوەی خەڵک لە بایەخەکانی ژینگە و هۆکارەکانی پێویستیی پاراستنی ژینگەی کوردستان دەکەن، تاکوو لەم ڕێگەیەوە بتوانن پێش بە ڕووداوە نەخوازراوە ژینگەییەکان بگرن.

هەر لەم پەیوەندییەشدا، ئەم کۆمیتەیە کورتەفیلمێکی بڵاوکردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و هەروەها لە لایەن ژینگەپارێزانی کوردستانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان یەکێک لە ئەنجومەنە ژینگەپارێزییەکانی کوردستانە کە لە کوژاندنەوە و کۆنترۆڵی ئاگری دارستانەکانی کوردستاندا، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە و هەرچەند مانگ جارێک دەورەیەکی فێرکاریی لەم چەشنە بۆ ئاگاییبەخشین بە خەڵک بەڕێوە دەبات.