کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵە نیزامییەکان دژی دامەزراوەکانی ڕێژیمی ئێران ڕووی لە زیادبوون کردووە

11:59 - 1 خەزەڵوەر 2721

هێزی ئاسمانیی ئامریکا بۆمبی ٥ هەزار پۆندیی هیدایەتکراوی “GBU-72”ی تاقی کردووەتەوە و لەو پەیوەندییەدا "مایکێل ئوهانلوون" بەڕێوبەری بەشی لێکۆڵینەوەی سیاسەتی دەرەوەی دامەزراوەی "بروکینگز" وتوویەتی: "لەوانەیە ئەو چەکە دژی کۆرەی باکوور یان بنکە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران کەڵکی لێ وەربگیردرێت".

حەوتووی ڕابردوو "بۆرد کوپر" فەرماندەی ناوگانی پێنجەمی هێزی دەریایی ئامریکا لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی باسیان لە هەوڵە هاوبەشەکانیان دژی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کەنداو و دەریای سووردا کرد.

ئیسرائیل داوای لە ئامریکا کردووە کە بۆمبی ٥ هەزار پۆندیی GBU-72 Bunkerی پێ بدات هەتا دژی بنکە و دامەزراوە زەوینییەکان کەڵکی لێ وەربگرێت.

هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە وتوویەتی: "بەرجام لە قۆناغێکی قەیراناویدایە و سەفەری مۆرا بۆ تاران لە کاتی گرینگ و هەرەپێویستدا ئەنجام دەدرێت".

"مەجید تەخت ڕەوانچی" نوێنەری بەردەوامی ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ شورای ئەمنییەت نووسیویەتی: "لە مانگەکانی ڕابردوودا ڕێژە و خێرایی هەڕەشەکانی ئیسرائیل بە شێوەی بەردەوام ڕوویان لە زیادبوون کردووە و تەنانەت بە ئاستێکی مەترسیدار گەیشتووە".

لەلایەکی دیکەوە "ئەمیر حاجی زادە" فەرماندەی هێزی هەوا-فەزای سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: "لە مانۆڕی ئاسمانیی ویلایەتی ١٤٠٠، ڕاهێنانی تەقاندنەوەی بۆمبی دوورهاوێژ و مووشەکی کڕووز و دڕۆنەکانمان بە ئەنجام گەیاندووە".