کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵە نەزۆکەکانی ڕێژیم بۆ بەلاڕێدابردنی لاوان بەردەوامە

10:51 - 24 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سپای تیرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، بە گرتنی کۆبوونەوە و بەڵێنی پێدانی پارە، دەیانهەوێت لاوانی کوردستان بەلاڕێدا بەرن و بیانبەنە ڕیزەکانی خۆیانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، ئەندامانی سپای تیرۆریستی پاسداران لە ناوچەی سەرشیوی سەقز و بەچاوساغیی چەند جاشێکی ئەو ناوچەیە، لە گوندەکانی "قشڵاخی پرد، جەوشەن، عارەبەلەنگ، دەریاوی، سماقڵوو و کانامەت و حاجی عەبدول" و هەندێک لە گوندەکانی دیکە  لە مزگەوتەکاندا کۆبوونەوەیان بۆ خەڵک گرتووە و داوایان لە لاوان کردووە بێنە نێو ڕیزەکانیانەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە ڕایگەیاندووە کە ئەندامانی سپا بە لاوانی ئەو گوندانەیان وتووە: "ئێمە ئێستا زیاتر لە هەموو کات پێویستیمان بە کەسانێک هەیە کە خەڵکی ئەم دێهاتانە بن و زانیارییان لەسەر جوغرافیا و خەڵکی ئەم ناوچانە ببێت. ئێمە چیدی ناتوانین پارە بەو جاشانە بدەین کە خەڵکی شارن و شارەزاییان لەسەر کوێستان و ناوچەکە نییە، هەر بۆیەش ئیتر کارمان پێیان نەماوە و پاش کۆتاییهاتنی گرێبەستەکانیان، کە ماوەی پێنج ساڵە، ئیتر ئەوانەی پێشوو بەرەڵا دەکەین".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، وەک سیاسەتی هەمیشەی خۆی، دەیهەوێت لاوان و خەڵکی ناوچەکانی کوردستان، لە دژی بزووتنەوە و حیزبەکانی کوردستان بەکار بهێنێت و بە پێدانی بەڵێنیی دانی پارە و مووچە، لاوانی کوردستان فریو بدات. بەڵام خەڵکی کوردستان، لە ماوەی ئەم چل ساڵەدا، ڕێژیمی ئیسلامییان باش ناسیوە و چیدی فریوی بەڵێنە پووچەکانیان ناخۆن.