کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵە چەوتەکانی رێژیم بۆ ڕەوایی بەخشینی زۆرەملێ بە دەسەڵاتە ٤٠ ساڵەکەیان

12:11 - 12 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو وەزارەتی بەناو بارهێنان و پەروەردەی ڕێژیم بەهاوکاری دەزگا ئەمنیەتییەکان، کۆمەڵێک ڕێوشوێنیان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ٢٢ی ڕێبەندان و دەیەی بەناو "فجر" دیاری کردووە و هەموو قوتابخانەکانیان ناچار کردووە بە بەڕێوەبردنیان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ٩٧ی هەتاوی بەخشنامەیەک بۆ قوتابخانەکانی کوردستان رەوانە کراوە کە تێیدا هاتووە بەپێی بڕیاری دوایین دانیشتنی نێوان بەڕێوەبەریی ئیدارەی بارهێنان و یەکەی فەرهەنگی سپای پاسداران و ستادی بەسیجی قوتابیان پێویستە لەسەر هەموو قوتابخانەکان کە بۆ هەرچی باشتر بەڕێوەبردنی یادی ٤٠ ساڵەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرن.

لەم بڕیارنامەدا کە ٤٠ خاڵی بنەڕەتی و کۆمەڵێک خاڵی دیکەش لەخۆدەگرێ، هاتووە پێویستە لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانەکان کە بە هەر شێوازێک بۆیان دەلوێ قووتابیان لە ڕێوڕەسمەکانی ئەم ماوەیەدا بەشدار بکەن تاکوو مەراسمەکان پڕڕەنگتر دەرکەون.

لە یەکێک لەم خاڵانەدا هاتووە دەبێ ڕێوشوێنێک بگیرێتە بەر کە قوتابیان لە نوێژی هەینی ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندان و هەروەها ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان بەشدار ببن؛ تەنانەت بۆ هەڵخەڵەتاندنی قوتابیان کۆمەڵیک بەناو کێبڕکێیان وەڕێخستووە و بەڵێنی دانی خەڵاتی سەیروسەمەرەی وەک خەڵاتی نەخدییان بە سەرکەوتووان داوە کە ئەمەیان بۆخۆی هێمای کەڵکاژۆوەرگرتنی سیستماتێکی ڕێژیم لە دۆخی نالەباری ژیانی هاووڵاتییانە .

چالاکێکی فەرهەنگی کورد لەمبارەوە بە کوردستان میدیای وت: کۆماری ئیسلامی ئەگەر دەیهەوێ خزمەت بە دۆزی خوێندن لە ئێران و کوردستان بکات دەیتوانی لەباتی سەرف کردنی ئەم هەموو تێچووە کە بە دەیان میلیارد دەخەمڵێندرێ دەیتوانی ئەو پارە بۆ نۆژەنکردنەوەی دەیان قوتابخانە و دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانەکان و باشترکردنی دۆخی ژیانی مامۆستایان بکات، بەڵام ئەوەیکە رێژیم دەیهەوێ بیکات تەنیا تێخزاندنی ئایدیۆلۆژییە ڕزیوەکانی خۆی لە مێشکی هاووڵاتییان بەتایبەت قوتابیانی کەم تەمەن و کەم ئەزموونە.