کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ گومان خستنەسەر پیاوماقووڵان و باوەڕپێکراوانی خەڵک

11:51 - 19 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە پیلانێکدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی داوەتە خەوشدارکردنی ناو و ناوبانگی پیاوماقووڵان و جێباوەڕانی خەڵکی کۆمەڵگا.

پاش بوومەلەرزەکەی سەرپێڵی‌زەهاو کە زیانێکی زۆری بە دانیشتووانی شار و گوندەکانی سەرپێڵ، جوانڕۆ و کرماشان گەیاند، خەڵک بە هەموو شێوەیەک هاتنە مەیدان بۆ یارمەتیگەیاندن بە برا و خۆشکەکانیان کە لەو بوومەلەرزەدا زیانیان پێ گەیشتبوو و بێماڵ و حاڵ کەوتبوون.

هەر ئەو کاتە خەڵک ڕایانگەیاندبوو، کە هیچ متمانەیان بە دامودەزگا حکوومەتییەکان و سپای پاسداران نییە، چونکە یارمەتییەکانیان لە جیاتی کرماشان و سەرپێڵ، بۆ عێراق، سووریە و لوبنان بەڕێ دەکرێن.

هەر بەو هۆیە خەڵک خۆڕسک و بە دامەزراندنی کەمپەین و سپاردنی یارمەتییەکان بە دەستی باوەڕپێکراوانی خۆیان، ڕاستەوخۆ بە هانای بوومەلەرزەلێدراوانەوە چوون.

ئێستا ڕێژیم لە ڕێگای دروستکردنی گومان و پڕوپاگەندە لە نێو خەڵکدا، ئەو پرسەی ورووژاندووە، کە گوایە ئەو کەسانەی کە لە جیاتی هیلال ئەحمەر و دامودەزگاکانی دیکەی ڕێژیم، لە ڕێگەی پیاوماقووڵان و باوەڕپێکراوانی خۆیانەوە یارمەتییەکانیان بەڕی کردووە، یارمەتییەکانیان نەگەیشتووەتە دەستی بوومەلەرزەلێدراوان و بۆ خۆیانیان هەڵگرتووە.

ئەو هەوڵانەی کاربەدەستان و ڕاگەیندنەکانی سەر بە ڕێژیم لە حاڵێکدایە، کە بۆ هەموو خەڵکی ئێران و تەنانەت جیهانیش ڕوون و ئاشکرایە، کە ڕێژیمی ئێران تەنیا لە فیکری یارمەتیگەیاندن بە دەستوپەیوەندییەکانی خۆی لە عێراق، سووریە، لوبنان و ... هتددایە و خەڵکی ئێران هیچ گرینگییەکیان لای ئەو نییە.

ئەو وێنە و ڤیدئۆیانەی کە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەن، کە پاش تێپەڕبوونی ١٠ مانگ بەسەر بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان، ڕێژیم نەک تەنیا هیچ یارمەتییەکی ئەوتۆی بۆ قەرەبووکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچانە تەرخان نەکردووە، بەڵکوو بگرە بەپێچەوانەوەش بەردەوام بە بڕینی ئاو و کارەبا، نەدانی وام و تەنانەت بە وەرگرتنەوەی خێوەت و ئەو کانێکسانەی کە لە لایەن خەڵکی خێرخوازەوە و لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە گەیشتووەتە دەست بوومەلەرزەلێدراوان و هەر ڕۆژە ئازار و شەڕی ڕەوانی بۆ ئەو خەڵکە دروست دەکات.