کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتی ٢٠١٨ی ڕێکخراوی ئەمنیەتیی ئاڵماندا باسیان لێ کراوە

13:05 - 12 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی ئەمنیەتیی ئەیالەتی بایێرنی ئاڵمان، لە ڕاپۆرتی ٢٠١٨ی خۆیدا، باسی لە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ دەستپێڕاگەیشتن به چەکوچۆڵی کۆمەڵکوژی و مووشەکیی و هەروەها هێرشە سایبێرییەکانی لە ئاڵماندا کردووە.

ڕێکخراوی ئەمنیەتیی ئەیالەتی بایێرنی ئاڵمان، لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ی خۆیدا، لەژێر ناوی "دەوڵەتە مەترسیدارەکان" و لەوانە وڵاتانی کورەی باکوور، ئێران، سووریە و پاکستان باسی لەوە کردووە، کە ئەو وڵاتانە لە هەوڵدان زەڕاتخانەکانی خۆیان بۆ دروستکردنی چەکوچۆڵی کۆمەڵکوژ تەیار بکەن.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: ئەم وڵاتانە هەوڵ دەدەن بۆ دەستپێراگەیشتن بە زانستی بەرهەمهێنان و کەلوپەلی ئەم جۆرە چەکانە، لەگەڵ کۆمپانیاکانی خاوەن فەناوەریی پێشکەوتوو وەکوو کۆمپانیاکانی وڵاتی ئاڵمان پێوەندی دروست بکەن.

لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە یاسا دژوارەکانی ئاڵمان و چاوەدێریی کارامە بۆ سەر هەناردەکردن کراوە، کە  بەربەستی زۆری بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا هەستیارەکان دروست کردووە. بەم حاڵەشەوە "دەوڵەتە مەترسیدارەکان" بە بەردەوامی شێوازی بەرهەمهێنانی کاڵاکان دەگۆڕن، تاکوو لە ڕەوتی چاوەدێریی بەسەر هەناردەکردندا هەڵبێن و کۆمپانیاکانی ئاڵمان و ناوەندە زانستییەکان تووشی سەرلێشێوان بکەن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەوڵەتە مەترسیدارەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان دەستیان داوەتە دامەزراندنی کۆمپانیاگەلی جۆراوجۆر و کاڵا بەرهەمهێنراوە جۆراوجۆرەکانیشیان فرۆشتووەتە وڵاتانی سێهەم یان ئەوەی کە زانیاریی هەڵەیان سەبارەت بە بەرهەمهێنانی کاڵا داوە.

راپۆرتی ٣٤٠ لاپەڕەیی ڕێکخراوی ئەمنیەتیی ئەیالەتی بایێرنی ئاڵمان، بە ئاماژە بە ڕێککەوتننامەی ناوکی ناسراو بە "بەرجام" لە ساڵی ٢٠١٥ و ڕێککەوتنی ئێران لەسەر چاوەدێریی بەسەر بەرنامە ناوکییەکەیدا جەخت دەکاتەوە، کە ئەم رێکخراوەیە چاوەدێریی بەسەر پێبەبەندبوونی ئێران بە بەڵێنەکانی دەکات.

ئەم ڕێکخراوەیە لە ڕاپۆرتی خۆیدا نووسیویەتی: سەبارەت بە بیاڤی فەناوەریی مووشەکی و سەکۆی هاویشتنی ئەم مووشەکانە کە لە ڕێککەوتننامەی بەرجامدا نەهاتووە، هەوڵەکانی ئێران بۆ تەیارکردنیان دەبینرێت.