کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران، ناوچەی کەنداوی بەرەو مەترسی بردووە

13:44 - 29 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: هێزی دەریایی سپای تێرۆریستی پاسداران ڕایگەیاند کە دەستی بەسەر نەوتکێشێکی بریتانیایی لە گەرووی هورمۆزدا گرتووە. هاوکات وەزیری دەرەوەی بریتانیا، باسی لە دەسبەسەرداگرتنی دووهەمین نەوتکێشی ئەو وڵاتەی لە گەرووی هورمۆزدا کرد.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە هێزی دەریایی سپای تێرۆریستی پاسداران بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک ڕایگەیاند: "ئێوارەی ڕۆژی ٢٨ی پووشپەڕ، نەوتکێشێکی بریتانیایی بە ناوی''ئێستینا ئیمپێرۆ''، لە حاڵی تێپەرین لە گەرووی هورمۆزدا، بەهۆی پێشێلکردنی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان، لە لایەن یەکەیەکی هێزی دەریایی سپای پاسدارانەوە دەستی بەسەردا گیرا".

"ئێستینا بولک"، شیرکەتی خاوەنی نەوتکێشی ''ئێستینا ئیمپێرۆ''، باسی لەوە کردبوو کە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو نەوتکێشە کە بەرەو عەرەبستان دەچوو، پچڕاوە.

لە لایەکی دیکەوە بریتانیا ڕایاگەیاند کە نەوتکێشکی دیکەی بە ناوی ''مێسدار'' بۆ کەنارەکانی ئێران ڕاکێشراوە و دەستی بە سەردا گیراوە، بەڵام هەواڵدەریی "تەسنیم"، سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران وتوویەتی کە نەوتکێشی "مێسدار" دەستی بەسەردا نەگیراوە و تەنیا هۆشداریی پێدراوە.

لەمبارەوە، سەرکۆماری ئامریکا هەڵوێستی گرت و ڕایگەیاند کە لەگەڵ بەرپرسانی بریتانیایی پەیوەندی دەگرێت.

هاوکات ژووری دەریانەوەردیی بریتانیا داوای کردووە کە پشیوانییەکان لە کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوەکانی کەنداودا، لە بەرامبەر هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئیران، دەبێ پەرەی پێ بدرێت.

یەکێک لە ئەندامانی شۆرای تەناهیی نەتەوەیی ئامریکایش ڕایگەیاند کە واشنتۆن بۆ ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئاکاری دوژمنانەی ڕێژیمی ئێران، هاوکارییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانان و شەریکەکانی، درێژە پێ دەدات.

دوای دەسبەسەرداگرتن بەسەر نەوتکێشێکی ڕێژیمی ئێران بە ناوی ''گریس ١''، لە لایەن هێزی دەریایی بریتانیا لە ئاوەکانی "جەبەلولتارێقـ"دا، پەیوەندییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و بریتانیا ئاڵۆزیی زیاتری تێکەوت.

لەم پەیوەندییەدا، "خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، دەوڵەتی بریتانیای بە دزی دەریایی ناساندبوو و لە هەڕەشەیەکدا وتبووی ئەم کارەی بریتانیا بێوڵام نامێنێتەوە و لە کات و شوێنێکی گونجاودا وڵامیان دەدەینەوە.

دوای گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندبوو: "ئەگەر پێش بە هەنارەدەکردنی نەوتی ئێمە بگیردرێت، ئیمەش گەرووی هورمۆز دەبەستین".