کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ئیسرائیل و ئامادەباشیی سیستمی بەرگریی هەوایی ڕێژیمی ئێران

12:59 - 28 پووشپەڕ 2720

بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل وتوویەتی کە ئەو وڵاتە دەستی لە تەقینەوەکانی ئێراندا هەبووە و دەیەوێت گرژییەکانی لەگەڵ ئێران چڕتر بکات و هاوکات بە وتەی بەرپرسێکی ئامریکاش، ڕێژیمی ئێران سیستمی بەرگریی هەوایی خۆی خستووەتە ئامادەباشییەوە.

بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل کە لە ئێستادا لە یەکیەتیی ئورووپا چالاکی دەکات بە ڕۆژنامەی "Insider"ی وتووە کە ئیسرائیل لە بەرەوپێشبردنی سیاسەتی گوشاری لەڕادەبەدەر بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئامریکا هاوکاریی دەکات، هەتا پێش لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئامریکا لە مانگی نوامبەری ٢٠٢٠ تێکهەڵچوون دروست بکات.

لە ڕۆژانی ڕابردوو چەند ڕووداوی گرینگ وەکوو تەقینەوە لە دامەزراوەی مووشکە بالستیکەکان و دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز لە ئێران هاتنە ئاراوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتوویانە کە ئەم ڕووداوانە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو، ڕووداوێکی ئاسایی بووەنە، بەڵام چەند حاڵەتیان دەستی دەریکیی تێدا بووە.

بەرپرسێکی پێشوو لە وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل وتوویەتی کە لە ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئیسرائیل ئەوە باس دەکرێت کە ڕووداوەکانی ڕابردووی ئێران، کاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئیسرائیلە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران وتوویەتی کە بڕیار دراوە لەم بوارەوە بۆ گوشارهێنانی لەڕادەبەدەر دژی ئێران، لە ترامپ پەیڕەوی بکرێت.

ئەو بەرپرسەی ئیسرائیل لە درێژەدا باسی لەوە کردووە کە شتێک لە ئارادایە، ئەویش بەڕێوەبردنی هەندێک عەمەلیاتە کە ئەگەر کاردانەوەی ڕێژیمی ئیرانی بەدواوە بێت و بارگرژیی نیزامیی لێ بکەوێتەوە، ئەگەری مانەوەی ''ترامپ'' لە پۆستی سەرکۆماریدا زیاترە.

لەلایەکی دیکەوە، ئامریکا دەستی بە هەندێک زانیاریی ئیتلاعاتی گەیشتووە کە نیشان دەدات ڕێژیمی ئێران بەشێک لە سیستمی بەرگریی هەوایی خۆی خستووەتە بەرزترین ئاستی ئامادەباشییەوە.

بەرپرسێکی ئامریکایی بە هەوالدەریی ''سی ئێن ئێنـ''ـی وتووە کە ئەم هەوڵەی ئێران دوای تەقینەوە یەک لە دوای یەکەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو وەکار خراوە.

ئەم بەرپرسەی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە حاڵەتی ئامادەباشی بە مانای ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران سیستمی پەدافەندی هەوایی خۆی ئامادەی تەقە کردووە هەتا ئامانجە گومان لەسەرەکان بپێکێت.