کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕشەکانی سپای پاسداران لە دژی ئامریکا بەردەوامە

12:42 - 13 بانەمەڕ 2720

دوای ئەوەی کە سەرکۆماری ئامریکا فەرمانی بە هێزەکانی ئامریکا دا کە لە ئەگەری نزیکبوونەوەی بەلەمەکانی ڕێژیمی ئێران، تەقەیان لێب کرێت، بەرپرسانی سپای تێرۆریستی پاسداران هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئامریکا زیاد کردووە.

''عەلیڕەزا تەنگسیری''، فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، لەهەمبەر ناوگانەکانی ئامریکا لە کەنداو، بە شێوەیەکی هەڕشەئامێزانە وتوویەتی، ئێمە ئەوە قەبووڵ ناکەین کە بەلەمەکانمان لەلایەن ئامریکاییەکانەوە پشکنینیان بۆ بکرێت و فڕۆکەکانی ئامریکا بەسەر سەکۆ نەوتییەکاندا بسووڕێنەوە.

هەروەها دوای هەڕەشەی ''دانڵد ترامپ''، پاسدار "حوسێن سەلامی''، فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران، هەڕەشەی لە ئامریکا کرد کە لە ئەگەری مەترسی دروستکردن بۆ بەلەمەکانی ئێران، ناوگانەکانی ئامریکا دەکرێنە ئامانجی هێرشەکانیان.

ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە، ١١ بەلەمی هێزی دەریایی سپای پاسداران لە ئاوە نێونەتەوییەکانی کەنداو چەندین جار لە ناوگانەکانی ئامریکا نزیک ببوونەوە.

هێزی دەریایی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بەلەکانی سپای پاسدران بۆ هێزەکانی ئامریکا موزاحیمەتیان دروست کردووە و ئەو هەوڵەیان بە ورووژێنەر وەسف کردبوو.

دوابەدوای ئەوە، "دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا فەرمانی بە هێزی دەریایی ئامریکا دا، هەر بەلەمێکی ئێرانی کە نزیکی پاپۆڕەکانی ئامریکا بوونەوە و موزاحیمەتیان بۆ دروست کردن، تەقەیان لێ بکەن و لەنێویان بەرن.