کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشه لە یارمەتیدەرانی خەڵکی لێقەوماو لە کوردستاندا بەردەوامه

12:26 - 24 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، پێش بەو یارمەتییانه دەگرن، کە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە بۆ  لێقەوماوانی لافاولێدراوی پارێزگای لوڕستان ئەنجام دەدرێن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئێران لە مەهاباد، دەستی کردووە بە گوشارهێنان و هەروەها هەڕەشەکردن لە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت، ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەپارێزییەکانی ئەم شارە، هەتاکوو پێش بە یارمەتییە خەڵکییەکان بە لافاولێدراوان بگرن.

هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمی ئێران، بۆ پێشگرتن لە بەردەوامبوونی گەیشتنی یارمەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە ژێر چەتری "کەمپەینی زاگرۆس چاوەڕێمانه"، بۆ لافاولێدراوانی لوڕستان، زۆرینەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پێوەندیدار بەم کەمپەینە، لەوانه تێلێگرامیان داخستووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدئۆئی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا، نیشانی دا که بەکرێگیراوانی ڕێژیمی ئێران بۆ پێشگرتن لە گەیاندنی یارمەتییەکانی خەڵکی کوردستان بە لێقەوماوانی لافاولێدراو لە "مەعموولانـ"ـی لوڕستان، پێشیان بەو چالاکه مەدەنییانه گرتووە، کە بە کۆڵ خەریکی گەیاندنی یارمەتییەکان بوون، ئەوان هەوڵیان دەدا بە تووڕەکردنی چالاکانی مەدەنی، دۆخەکە ئاڵۆز بکەن تاکوو بتوانن باشتر پێشیان پێ بگرن.

ئەوەی کە لەم گرتە ڤیدئۆییەدا بەرچاوە، ئاستی تیگەیشتنی چالاکانی مەدەنییە کە وشیارانه لە مەبەستی بەکرێگیراوانی ڕێژیم تێگەیشتوون و هەوڵ دەدەن، هەتاکوو بە شێوەیەکی ئارام و هێمنانه یارمەتییەکانیان بە خەڵک بگەیەنن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە دۆخە قەیراناوییەکاندا، سەرەڕای ئەوەی کە هیچ خزمەتێک بە خەڵك ناکەن، پێش بە یارمەتییە دەرەکی و تەنانەت خەڵکییەکانیش دەگرن و دەست دەکەن بە گرتن و دەسبەسەرکردنی چالاکان لە شارەکانی کوردستاندا.