کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشە و پاڕانەوەکانی زەریف بۆ ڕزگارکردنی بەرجام

12:38 - 25 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئێران، هەڕەشەی ئەوەی کردووە، کە سەرلەنوێ دەست بە پیتاندنی ئۆرانیووم دەکەنەوە.

محەممەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەڕەشەی لە وڵاتانی ئورووپایی کردووە، کە ئەگەر هیچ هەوڵێک بۆ ڕزگارکردنی بەرجام نەدەن، ئەوان سەرلەنوێ دەست بە پیتاندنی ئۆرانیووم دەکەنەوە.

زەریف لە وتووێژ لەگەڵ حەوتوونامەی ئیشپیگلی ئاڵمانی، ڕەخنەی لە وڵاتانی ئورووپایی گرتووە و ڕایگەیاندووە: "هەتا ئێستا بە کردەوە هیچ کارێکیان بۆ ڕزگارکردنی بەرجام نەکردووە"، ناوبراو هەروەها داوای لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە، کە لە بەرانبەر گەمارۆوەکانی ئامریکا ڕابوەستێت و ئەو کۆمپانیانەی کە لە ئێران کشاونەتەوە سزا بدات.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها لەو وتوووێژەدا، ئاماژەی بە ئەگەری دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ ئامریکا کردووە و ڕایگەیاندووە: "ئەگەرچی دانیشتن لەگەڵ ئامریکا هەرگیز ناکرێت، بەڵام ئەگەر ئامریکا دووبارە بگەڕێتەوە بۆ نێو بەرجام، بەو مەرجە ئەگەری دانیشتن دەبێت".

پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام و وەگەڕخرانەوەی سەرلەنوێی گەمارۆوەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئابووری ئەو وڵاتە بەرەوڕووی داڕمانێکی جیدی بووەتەوە و کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ خۆ دەربازکردن لەو قەیرانانە و خۆدزینەوە لە دانوستاندن لەگەڵ ئامریکا، دەست بە داوێنی وڵاتانی ئورووپایی بوون.

دانڵد ترامپ کە هەر لە کاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکانیدا، ڕەخنەی لە بەرجام هەبوو و ئەو ڕێککەوتنەی بە لاواز و ناتەواو دەزانی، پاش هاتنە سەرکاری ڕێکەوتی ١٨ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی بە فەرمی لەو ڕێککەوتنە کشایەوە و بڕیاری سەرلەنوێ وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکانی کە بە هۆی ڕێککەوتننامەی بەرجامەوە سڕ کرابوون، واژۆ کرد.