کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکان بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ڕێژیم، ڕێژەی ناڕازییانی زۆرتر کردووەتەوە

11:39 - 7 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی کرێکارەکانی هەفت‌تەپە و فوولادی ئەهواز بەردەوامە؛ زۆربوونەوەی گوشارەکان و هەڕەشەکان تەنیا ڕێژەی ناڕازییانی زیاتر کردووەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ٦ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، کرێکارەکانی هەفت‌تەپە و فوولادی ئەهواز، سەرەڕای هۆشدارەکان و هەڕەشەکانی ناوەندە ئەمنییەتییەکان و هەروەها بەرپرسی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم، درێژەیان به ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دا.

ئەم کرێکارانە لەسەر داواکارییەکانی خۆیان لەمەڕ دانی مووچە دواکەوتووەکانیان و ئازادکردنی هاوکارە دەستبەسەرکراوەکانیان سوورن.

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێرانیش باسی لە هەڕەشەی کرێکارەکان کردووە؛ هەندێک کەسی نەناسراو لە ڕێگەی موبایلەوە پێوەندییان به کرێکارەکانەوە کردووە و هەڕەشەیان لێ کردوون، کە لە ئەگەری بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکاندا، دەستبەسەر دەکرێن.

هەر لەم پێوەندییەدا، خانەنشینکراوەکانی تاران لە بەرانبەر بینای وەزارەتی تەعاون، کاروباری کۆمەڵایەتیدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و ئامادە نەبوون لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتخانەکەش قسە بکەن.

ئەوان لەو کۆبوونەوەیەدا خوازیاری گرینگیدانی بەرپرسانی ڕێژیم به خواستەکانیان و هەروەها ئازادکردنی مامۆستایانی دەسبەسەرکراو بوون.

 ئەوان بە نووسینی درووشمگەلێکی وەک: "هێڵی هەژاری ٦ میلیۆن، مووچەی ئێمە ٢ میلیۆن"، "سفرەی ئێمە خاڵییە" و "مامۆستای بەندکراو دەبێ ئازاد بکرێت"، درێژەیان به ناڕەزایەتی دا و خوازیاری جێبەجێکردنی داخوازەکانی خۆیان بوون.

ناڕەزایەتیدەربڕینەکانی کرێکارانی هەفت‌تەپە پێی ناوەتە ٢٣ـەمین ڕۆژی خۆیەوە و ئەوان لەسەر داوا ڕەواکانی خۆیان بەردەوامن.