کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ڕووحانی، کاردانەوەی ئامریکای بەدواوە بوو

12:02 - 13 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەی زیادکردنی ئاستی پیتاندنی بۆ هەر ئاستێک کردبوو کە خۆیان بیانەوێت.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، "حەسەن ڕووحانی"، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتی ڕێژیمدا ڕایگەیاند کە لە ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕەوە، ئاستی پیتاندنی ئورانیۆم بۆ هەر ئاستێک کە خۆیان بیانەوێت، زیاد دەکەن و ئەگەریش وڵاتانی ڕۆژاوایی پێبەندی بەڵێنەکانیان نەبن، ئەوا ڕاکتۆری ئەراک بۆ حاڵەتی پێشووی دەگەڕێتەوە، بەشێوەیەک کە بتوانن "پلۆتۆنیم" بەرهەم بهێنن.

لە دوای ڕێککەوتننامەی بەرجام، بەشی ناوەندیی ڕاکتۆری ئەراک دەرهێنرا و بە سیمان پڕکرایەوە و بە شێوەیەک دروست کراوە کە نەتوانرێت "پلۆتۆنیۆم" بەرهەم بهێنێت.

لە دروستکردنی چەکی ناوکیدا، لە پلۆتۆنیۆم کەڵک وەردەگیرێت.

سەرکۆماری ڕێژیم، ڕوو لە وڵاتانی ڕۆژاوایی وتبووی: "ئەگەر دەتانەوێت بەداخبوونی خۆتان دەرببڕن، ئەوا هەر ئێستا دەریببڕن، یان ئەگەر دەتانەوێت ڕاگەیەندراو بڵاوبکەنەوە، ئەوا ئێستا بڵاوی بکەنەوە".

لە کاردانەوە بەم هەڕەشانەی "حەسەن ڕووحانی"، "ترامپ"، سەر کۆماری ئامریکا، لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا نووسی: "ئێران هۆشدارییەکی نوێی داوە. ڕووحانی دەڵێت کە ئەگەر ڕێککەوتنێکی نوێ نەکرێت، هەرچەندێک بمانەوێت، ئورانیۆم بەرهەم دەهێنین. ئێران، دەبێت ئاگاداری هەڕەشەکانی خۆی بێت. هێزەکانمان دەتوانن بگەڕێنەوە و بەجۆرێک پێتەوە بدەن کە تا ئێستا هیچ کەس وا پێوەی نەدرابێت".

هەروەها "دانڵد ترامپ"، ڕۆژی دووشەممە، ١٠ی پووشپەڕ، ڕایگەیاندبوو کە ڕێژیمی ئێران بەم کارانەی، یاری لەگەڵ ئاگردا دەکات.