کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە

11:50 - 27 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەی گشتیی سپای پاسداران بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد.

فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، "محەممەدعەلی جەعفەری"، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەرییەکی سەر بە ڕێژیم، ڕەهەندەکانی بەشداری و چالاکی ئەو هێزەی لە ناوچەکەدا بە سیاسەتێکی بەهێز باس کردووە و هەڕەشەی مووشەکی لە ئیسرائیل کردووە و وتوویەتی: "مووشەکەکانی حیزبوڵڵای لوبنان دەتوانێت تەواوی وڵاتە مەبەستەکان بکەنە ئامانج".

پاسدار جەعفەری، لە بەشێک دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بە هەبوونی ١٠٠ هەزار کەسی ئامادە و ڕێکخراو لە سووریە و عێراقدا کردووە و وتوویەتی: "هەندێک لە هێزە ئێرانییەکانیشمان بۆ بارهێنانی ئەو کەسانە بەڕێ کردووە".

پاسدار جەعفەری، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە، کە ئەو تێچووەی ئامریکا لە سووریە و عێراقدا دەیکات، ئێمە نایکەین، ئەمە لە حاڵێکدایە، کە ڕێژیمی ئێران بۆ دەسبەسەرداگرتنی وڵاتانی ناوچەکە تێچوویەکی زۆر دەدات و بەشێکی زۆری داهاتی ئێران بۆ تەیارکردنی هێزە تێرۆریستییەکان لەو وڵاتانەدا تەرخان دەکات.

هەر لەو بارەوە، پاسدار "محەممەد باقری"، بەرپرسی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم، لە بەشێک لە قسەکانیدا، لە سەفەر بۆ دمشق، باسی لە کشانەوەی هێزەکانی ڕێژیم لە خاکی سووریە کرد، لە حاڵێکدا، جەعفەری باسی لە جێگیرکردنی و بارهێنانی ١٠٠ هەزار کەس لە وڵاتانی عێراق و سووریە کردووە.

ئەو قسانەی پاسدار جەعفەری لە کاتێکدایە، کە ڕێژیمی ئێران نکۆڵی لە دەستێوەردان لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا دەکات و هێزە تێرۆریستییەکانی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا بە "ڕاوێژکارانی شەڕ" ناو دەبات.

هەروەها هەڕەشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە لایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە، دانپێدانانێک بۆ پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە میلیشیاکانی خۆی لە ناوچەکەیە.