کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، نیگەرانیی زۆری لێ کەوتووتەوە

17:50 - 4 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی ئامریکا ڕایگەیاند کە زانیارییەکانی ئامریکا لە هەمبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، قووڵ و جیددییە.

ڕۆژی هەینی، ٣ی جۆزەردان، "جان بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی ئامریکا، لە وڵاتی ژاپۆندا باسی لەوە کرد کە هێرشەکانی پێشتر لە کەنداو، عەرەبستان و عێراقدا، نیشاندەری ئەوەن کە ڕێژیمی ئێران و گرووپە تێرۆریستییەکانی، نیگەرانییەکی زۆریان خوڵقاندووە."

بەرپرسانی ئامریکا باسیان لەوە کردووە کە زانیاریگەلێکیان لەبەردەستدایە کە نیشان دەدات مەترسیی هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران جیددیتر لە ڕابردوون.

لەم پەیوەندییەدا، "مورتەزا قوربانی"، ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسداران، ڕۆژی چوارشەممە، ١ی جۆزەردان، لە هەرەشەیەکدا وتبووی: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دوو چەکی نوێ و نەهێنیی لەبەردەستدایە کە دەتوانێت ناوگانەکانی ئامریکا لە ناوچەکەدا بۆ قووڵایی دەریاکان نوقم بکات."

هەڕەشە و هەوڵە تێکدەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا، نیگەرانییەکی زۆری لە ناوچەکەدا دروست کردووە، بەم هۆیەوە ئامریکا بە مەبەستی پاراستن و بەرگری لە هەمبەر هەڕەشەکانی ئێران، بڕیاری داوە ١٥٠٠ سەرباز، ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکات.