کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران هیچ بایەخێکی نییە

12:00 - 27 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان دەکات، کە نابێت نەورۆز بەڕێوە ببەن، بەڵام خەڵکی کوردستان هیچ بایەخێک بەو هەڕەشانە نادات.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، هەموو ساڵێک لە بەرەبەری نەورزۆدا هەڕەشە لە خەڵک دەکەن، کە نابێت جێژنی نەورۆز بەڕێوە ببەن، بەڵام ئەو هەواڵانەی ڕێژیمی لای خەڵک بە "نا" وڵام دراونەتەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەوەی کە بنکە و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، بە شێوەی نووسراوە و زارەکی هەڕەشەیان لە خەڵکی کوردستان کردووە، کە نابێت لە هیچ گوند و شارێکدا جێژنی نەورۆز بەڕێوە ببەن، بەڵام خەڵک یەکدەنگ و بەبێ گوێدان بە هەڕەشەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران، جێژنی بەشکۆیان بە بۆنەی نەورۆزەوە بەڕێوە بردووە.

هاوکات ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بە فەرمی هەڕەشەی کردووە کە نابێت بۆ بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز بە پیریی بانگەوازی حیزب کوردییەکانەوە بچن.

لە لایەکی دیکەوە، هەندێک لە ئاخوندەکانی ڕێژیم، بۆ ئەوەی کە خەڵکی کوردستان جێژنی نەورۆز بەڕێوە نەبەن دەنگۆی ئەوەیان بڵاو کردبووە، کە جێژنی نەورۆز دژی یاسای ئیسلام و قورئانی پیرۆزه.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەرەڕای ئەوەی کە ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشەی لە خەڵک دەکرد، کە نابێت نەوڕۆز بەڕێوە ببەن، خەڵکی کوردستان "نا"یەکی قورسیان بە دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دایەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا تراکتی تایبەت بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پۆستێرەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، نووسینی دروشم بۆ تەلەفزیۆنی تیشک و ڕاسان، پیرۆزبایی ساڵی نوێ، هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان له دارەگردەڵە ــ عیلماباد  و هەروەها نوقڵ و شیرینی بە بۆنەی کرانەوەی تیشک بڵاو کراونەتەوە.

هاوکات پاش دیداری تەرەغە لە بۆکان، هاووڵاتییانی گوندی "ساتیار"یش بە "نا"یەکی قورس وڵامی دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمیان دایەوە.