کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەکانی ئێران بۆ چوونە دەرەوە لە بەرجام بەردەوامە

18:21 - 4 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران، لەژێر گوشاردا هەڕەشەی چوونە دەرەوە لە بەرجام دەکات و وەک کارتی گوشارێک بۆ سەر وڵاتانی بەشدار لە بەرجامدا بەکاری دێنێت.

"حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان"، یاریدەری تایبەتی سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم و بەرپرسی گشتیی کاروباری نێونەتەوەیی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی جۆزەردان، لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ "یێنس پلۆتنێر"، بەرپرسی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان، کە لە تاران بەڕێوە چوو، لە پەیوەندی لەگەڵ "بەڵێنییەکانی بەرجام"، هەڕەشەی لە ئورووپا کرد.

ناوبراو وتوویەتی: "ئورووپا یان دەبێت هەوڵێکی کردەیی و کاریگەر بدات، یان شایەتی ڕێڕەوی نوێی هەڵبژیردراو لە لایەن ئێرانەوە بێت."

ناوبراو لە بەشێکی تر لە قسەکانیدا وتوویەتی: "بەردەوامیی بەڵێنییە بێ ئەنجامەکانی ئورووپا، دەبێتە هۆی چوونە دەرەوەی تاران لە بەرجام."

"یێنس پلۆتنێر"، لەو چاوپێکەوتنەدا، بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پاراستنی بەرجام، داواکاری بەردەوامیی دیپلۆماسی و دانووستاندن، وەک تەنیا ڕێکاری سیاسی بۆ چارەسەرکردن و دەربازبوون لە کێشە هەنووکەییەکان بوو.

پاش کشانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بەرجام و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، ئەو ڕێژیمە بەشێک لە مادەکانی بەرجامی پێشێل کردووە و بەردەوامیش هەڕەشەی چوونە دەرەوە لەو ڕیککەوتننامە، لە وڵاتانی بەشدار لە بەرجامدا دەکات.

ڕێژیمی ئێران، ئەم هەڕەشەکردنانە، بە مەبەستی گەیشن بە خواستەکانی، وەک کارتی گوشار بۆ سەر وڵاتانی بەشدار لە ڕێککەوتننامەی بەرجامدا بەکار دینێت.