کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دانڵد ترامپ لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران

17:35 - 20 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: تەنیا یەک ڕۆژ پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کرد.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا رۆژێک پاش بڕیاری هاتنەدەرەوەی وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنامەی بەرجام، جارێکیتر ڕوو لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی یان دەبێ بێنە سەر مێزی وتووێژ یان شتێکی خراپتر ڕوو دەدات.

دانڵد ترامپ ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی بانەمەڕ لە سەرەتای دانیشتنی ڕۆژانەی لەگەڵ هەیئەتی دەوڵەتەکەی، لە بەرانبەر چاوی کامێراکاندا وتوویە: "زۆر بە جیددی ئامۆژگاری بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەکەم کە بەرنامەی ناوکی خۆیان دەست پێ نەکەنەوە، ئەگەر ئەو کارە بکەن زۆر گران بۆیان تەواو دەبێت".

هەواڵدەری رۆیتێرز باسی لەوە کردووە کە لەو دانیشتنەدا ترامپ بە ئاشکرا وتوویە ڕێژیمی ئێران یان دەبێ وتووێژ بکات یان شتێکی خراپ ڕوو دەدات.

ترامپ هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ڕوخێنەر و خراپکارانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی وەک عێراق و سووریە و یەمەن، وتوویە: "ئەوان پێ دەنێنە هەر وڵاتێکەوە تەنیا ئاکامەکەی بشێوی، شەڕ و مەرگە، ئێمە ناتوانین ئیزنیان پێبدەین کە درێژە بەو کارانەیان بدەن، ئەوان دەبێ لە مانای ژیان تێبگەن، کە من بە دووری دەزانم بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە بایەخی ژیان تێگەیشتبێتن".

ناوبراو جەختی لەوە کردووەتەوە کە وڵاتەکەی ئامادەی وتووێژ و ڕێککەوتنێک لە گەڵ ڕێژیمی ئێراندایە کە بۆ هەموو جیهان سوود و ئاسایش بەدی بێنێت.

سەرەڕای کشانەوەی ئامریکا لە ڕیککەوتننامەی بەرجام، وڵاتانی ئۆرووپایی لەو ڕێککەوتننامەیە ماونەتەوە و داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە تا لە ڕێگەی وتووێژ و دانیشتن پێش لەوەی کێشەکان قووڵتر ببنەوە، چارەسەر بکرێن و ڕێککەوتننامەیەکی نوێ و هەمەلایەنە ببەسترێت.

ڕۆژی پێشوو، خامنەیی ڕوو لە کاربەدەستان و بەرپرسانی ڕێژیمەکەی ڕایگەیاند: "پێشتر پێم وتبوون کە باوەڕم بە ئامریکا نییە کە لە بەرجام بمێنێتەوە، ئێستاش پێتان دەڵێم من هیچ باوەڕم بەم سێ وڵاته ئورووپاییە نییە، ئەگەر دەتانهەوێ گرێبەستێکی نوێ لەگەڵیان ببەستن گەرەنتییەکی کردەیی و راستەقینەیان لێ وەرگرن".